بەریتانیا رۆژی پێدانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا بە هاووڵاتییان دیاری دەکات
حکوومەتی بەریتانیا رۆژی پێدانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا بە هاووڵاتییان، دیاری دەکات.
دەستەی تەندروستیی گشتیی بەریتانیا بڕیاری داوە سەرەتا پێکوتەی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی، سەرەتا بەو کەسانە بدرێ، کە تەمەنیان لە سەرووی 80 ساڵییەوەیە، یاخود لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن یان کارمەند و دانیشتووی خانەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتین.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە رۆژی سێشەممە 8-12-2020 دەست بە پێدانی پێکوتەی دژەکۆرۆنا بکات و لە قۆناغی یەکەمیشدا، پێکوتەکە تەنیا لە نەخۆشخانەکان بە هاووڵاتییان دەدرێت و دواتر بەسەر نۆرینگەی پزیشکەکان دابەش دەکرێت.
بەریتانیا داوای 40 ملیۆن پێکوتەی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکە کردووە، بۆ ئەوەی 20 ملیۆن هاووڵاتی پێبکوتێت، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە نزیکەی 67 ملیۆن کەس دەبێت.
تا ئێستا یەک ملیۆن و 705 هەزار و 971 کەس لە بەریتانیا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 61 هەزار و 14 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
