نەشتەرگەریی بەرزکردنی باڵا پەرەدەسەنێت
سام بێکیر ئەزموونی خۆی دەگەڕێتەوە و دەڵێت، لە قۆناغی ناوەندی من باڵا بەرزترین قوتابی بووم، بەڵام کاتێک چوومە قۆناغی دواناوەندی، سەیرم دەکرد لە زۆرێک لە کوڕەکان و لە هەندێک لە کچەکان باڵام کورتر بوو، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر من هەبوو چونکە من پێم وایە کچان کوڕێکیان خۆشناوێت لە خۆیان باڵای کورتر بێت، دەترسام نەتوانم هاوسەرگیریی بکەم.
سام لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا، بڕیاردەدات نەشتەرگەری بە هیوای بەرزبوونی باڵای بکات. نەشتەرگەرییەکە باڵای سام لە 162 سانتیمەتر بۆ 170 سانتیمەتر بەرز دەکات.
ئەو دەڵێت، سەرەتا بە پزیشکەکەم گووت، ئایا من دەتوانم دووبارە رێ بکەم؟ ئایا دەتوانم دووبارە رابکەم؟
باس لە ئەزموونەکەی دەکات و دەیگێڕێتەوە، هەفتانە سێ بۆ چوار جار دەچووم بۆ وەرگرتنی چارەسەر و هەر جارێک چەند کاتژمێرێک دەمامەوە، ئەمەش بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو. بیرۆکەیەکی شێتانەیە، هەردوو قاچت بشکێنن و دوای دووبارە فێرت بکەن چۆن بە رێدا بڕۆیت.
لە نەشتەرگەرییەکە، دەکرێت باڵای کەسەکە 13 سانتیمەتر بەرز بکرێت، بەڵام نەشتەرگەرییەکەی ئاڵۆزە.
ساڵانە 200 کەس لە ئەمەریکا، کۆریای باشوور و ئەڵمانیا، ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدەن، لە تورکیا و هیندستان، ئیتاڵیاش، 20 بۆ 40 کەس هەمان نەشتەرگەریی ئەنجام دەدەن.
لە ئەمەریکا، نرخی ئەم نەشتەرگەرییە لە 75 هەزار دۆلار دەستپێدەکات.
گاڤریل ئیلیزارۆڤ، پزیشکی تایبەتی سەربازانی سۆڤییەت لە جەنگی جیهانی دووەم، یەکەمجار ئەم نەشتەرگەرییەی بۆ سەربازەکان ئەنجامداوە.
نەشتەرگەرییەکە بەمجۆرەیە: لە رێگای دڕێڵ و ئامێری تایبەت، ئێسکی قاچ دەکرێتە دوو بەش، دواتر پەتێکی کانزایی لە نێوانیان دادەنرێت و رۆژانە یەک ملیمەتر زیاد دەکرێت، زیادکردنەوەکە بە ئارەزووی کەسەکەیە؛ لەو شوێنە دەوەستێنرێت کە کەسەکە خۆی ئارەزووی دەکات.
پاشان، چەند مانگێک کەسەکە چارەسەر وەردەگرێت تاوەکو قاچەکانی یەکبگرنەوە.
نەشتەرگەرییەکە بێ کاریگەری لاوەکی نییە، هەندێکجار کێشە بۆ دەمار و رێکیی قاچەکان دروست دەکەن، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەو شوێنەی نەشتەرگەرییەکەی لێ ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ تەمەن و تەندروستی کەسەکە.
بەشێک لە پزیشکان دەڵێن، دەبێت توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت پاشان ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە ئەنجامبدرێن، بەڵام بەشێکی دیکەیان پرۆسەکە بە پرۆسەیەکی بە ئازار بەڵام بێ زیان وەسف دەکەن.
k24 -
