بەرپرسانی ئەمریکی: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وایکردووە گرنگی بە تەندروستیی خانمان نەدرێت

بەرپرسانی ئەمریکی: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وایکردووە گرنگی بە تەندروستیی خانمان نەدرێت
بەرپرسانی تەندروستی لە ئەمریکا نیگەرانن لەوەی لەم دۆخەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی پێویست بایەخ بە تەندروستیی خانمان نادرێت.

د. ماریا سۆفۆکلێس، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە سەنتەری پزیشکی پرینستۆن دەڵێت، من نەخۆشێکم هەبوو خانمێکی تەمەن 61 ساڵ بوو، لە مانگی سێ تووشی هەندێ خوێنبەربوون بووبوو بەهۆی ئەوەی خوێنبەربوونەکەی کەمبوو پشتگوێیخستبوو هەروەها بەهۆی ئەوەشی کە لە ترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا سەردانی پزیشکی نەکردبوو خوێنبەربوونەکەی دووبارە زیادیکردەوە و کە سەردانی منی کرد و پشکنینم بۆی کرد دەرکەوت شێرپەنجەیەتی!.

د. ماریا روونیدەکاتەوە ئەگەر ئەو خانمە تەنیا یەکجار سەردانی بکردباینا لە مانگی سێ ئەوا حەوت مانگ زووتر ئێمە دەستنیشانی شێرپەنجەکەیمان دەکرد و چارەسەرمان پێدەدا.

بەگوێرەی راپرسییەک کە لەلایەن رێکخراوی (Kaiser Family) ئەنجامدراوە دەرکەوتووە ٪54ی پزیشکانی خانمان و منداڵبوون باس لەوەدەکەن کە لەسەرەتایی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا سەردانکردنی خانمان بۆ نۆڕینگەکانیان کەمبووەتەوە.

لە راپرسییەکەدا پزیشکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێن، لەوەتەی کۆرۆنا بڵاوبووتەوە خانمان نایێن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی خۆیان، هەروەها ئەو پشکنینانەی کە پێویستە خانمان ماوە ماوە بیکەن نەهاتوون بۆ ئەنجامدانیان.

پزیشکە ئەمریکییەکانی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رێنماییدەدەن خانمان تەندروستی خۆیان پشتگوێ نەخەن، دەبێت لەکاتی خۆیاندا پشکنینەکانیان بکەن و پێکوتەکانیان وەربگرن بەتایبەت ئەو خانمانەی دووگیانن.

rudaw -
Top