ئاژانسی وزەی ئەتۆمی: ئێران سانتریفیووژی پێشکەوتوو لە بنکەیەکی ئەتۆم جێگیر دەکات
میدیا جیهانییەکان لەمبارەوە بڵاویان کردووەتەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا بە نهێنی بە ئەندامانی خۆی ڕاگەیاندووە ئێران بەتەمای دانانی زیاتر لە ٥٠٠ سانتریفیووژی نوێ لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز لە سنووری ئیسفەهان دایە.
بەپێی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) سانتریفیووژە نوێیەکان لە جۆری پێشکەوتووی IR-2M دەبێت کە لە ٣ تاڤگەی ١٧٤ دانەییدا لە بەشی ژێرزەوینیی دامەزراوەکانی نەتەنزدا دادەنرێن.
دامەزراوە ژێر زەوینییەکانی نەتەنز لەم دواییانەدا و پاش تەقینەوە لەو دامەزراوەیەدا لە سەرەتاکانی هاویندا دامەزراوە.
ڕۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە لەمبارەوە ڕای گەیاندووە ئێران بەو هەوڵانەی دەیهەوێت "جۆ بایدن" بخاتە ژێر گوشارەوە.
ڕۆیتەرز هەروەها نووسیویەتی ئەو هەوڵەی ئێران ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی ئەو وڵاتە لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا پێشێل دەکات.
بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئێران تەنیا دەتوانێت لە سانتریفیووژگەلی قۆناغی یەکەم ناسراو بە IR-1 لە دامەزراوەکانی خۆیدا کەڵک وەربگرێت.
ئەو هەوڵەی ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر جۆ بایدن لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندبوو کە ئەگەر بێت و ئێران پابەندی هەموو ڕیوشوێنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێت، ئەمریکا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە کە ساڵی ٢٠١٨ بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە.
باسنيوز
