نهێنییەک لەبارەی هەواڵگریی ئیسرائیل و زانا ئێرانییە کوژراوەکە ئاشکرا دەبێت
رۆنن برگمان، شیکەرەوەی کارەوباری هەواڵگری وتارێکی لە رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت)ی ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، مۆساد لە ساڵی 1993ـەوە چاودێریی موحسین فەخریزادە، زانای ناوکیی ئێران دەکات.
رۆنن برگمان هەروەها رایگەیاندووە، مۆساد چەندین زانیاریی لەبارەی موحسین فەخریزادە کۆ کردبووە، کە لەناویاندا، پەیوەندیی نهێنیی فەخریزادە و عەبدولقەدیر خان، دامەزرێنەری بەرنامەی ناوکیی پاکستان و نامەی دەستنووسی فەخریزادە هەبوون.
هەروەک ئەو شیکەرەوە ئیسرائیلییە رایگەیاندووە، جگە لەو بەڵگانە، مۆساد تۆمارێکی دەنگیی ئەو زانا ناوکییە ئێرانییەی دەست کەوتبوو، کە تێیدا باسی لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پێنج کڵاوەی ناوکی کردبوو.
رۆنن برگمان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەیهود ئۆڵمەرت، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل (2006 - 2009)، لە ساڵی 2008 تۆمارە دەنگییەکەی بۆ جۆرج بووشی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (2001-2009) بردبوو، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا هەماهەنگیی زیاتر بکات لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران ئیسرائیل بە کوشتنی موحسین فەخریزادە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی ئیسرائیل بە فەرمی رووداوی کوشتنی ئەو زانا ناوکییە ئێرانییەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
موحسین فەخریزادە رۆژی 27-11-2020 لە باکووری شاری تاران لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە تیرۆر کرا.
باسنيوز
