تورکیا بە درێژایی ٨١ کیلۆمەتر دیوارێکی لە سنووری ئێران دروست کردووە
وەزیری ناوخۆی تورکیا بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە، ئاشکرای کردووە پرۆژەی دروستکردنی دیوارێک بە درێژایی ٨١ کیلۆمەتر لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ هاتووە.
سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆماڵایەتیی (تویتەر) بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە ڕای گەیاندووە بە مەبەستی پێشگیری لە کاری قاچاغ و دیاردەی کۆچبەریی نایاسایی، هەروەها پیشگیری لە چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی ئێرانەوە بۆ تورکیا بڕیاریان داوە بە درێژایی ١١٤ کیلۆمەتر دیوارێک دروست بکەن کە تا ئێستا ٨١ کیلۆمەتری کۆتایی پێ هاتووە.
هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا بە درێژایی ٥٣٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە کە لە نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە.
ئەو دیوارە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان هەڵکەوتووە کە هاوسنووری پارێزگای ورمێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هاوکات ساڵی ٢٠١٨ تورکیا لە سنووری سووریاوە دیوارێکی بە درێژایی ٧٦٤ کیلۆمەتر کێشاوە.
ساڵانە لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باکووری کوردستان کە سێ پارێزگای ئاگری، وان و ورمێ پێکەوە هاوسنوورن بە هەزاران هاووڵاتیی ئێرانی و ئەفغانی بۆ چوونە ئەورووپا ڕوو لە تورکیا دەکەن و هاوکات ئەو سنوورە شوێنی کاسبیی کۆڵبەر و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستانە.
باسنيوز
