یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوێت لە سەردەمی میری نوێ دەستی پێکرد
دەرگای بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئوممە (پەرلەمان)ی کوێتی بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە.
کاتژمێری 8ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 5-12-2020، هاووڵاتییانی کوێت بۆ دەنگدان بە نوێنەرەکانیان، روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد و پرۆسەی دەنگدانیش تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئەو هەڵبژاردنەی پەرلەمان یەکەم هەڵبژاردنی لە سەردەمی میر نەواف ئەحمەد جابر سەباح، میری نوێی کوێت، کە لە هەمان رۆژی کۆچی دوایی میر سەباح ئەحمەد جابر سەباح، میری پێشوو لە 29-9-2020، بە میری نوێی کوێت دیاری کرا.
لەو هەڵبژاردنەدا، 326 کاندید، کە 29یان ژنن، رکابەریی بۆ 50 کورسیی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیا کوێتییەکان، 567 هەزار هاووڵاتیی کوێتی مافی دەنگدانیان هەیە و دەبێ بە گرتنەبەری رێکارە تەندروستییە خۆپارێزییەکان لە کۆرۆنا، بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بکەن.
باسنيوز
