خاوەنی باڕێکی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە باڕەکەی دابخات و شەراب بە گەرمی دەفرۆشێت

خاوەنی باڕێکی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە باڕەکەی دابخات و شەراب بە گەرمی دەفرۆشێت
بەشێک لە شەرابخۆرەکان لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا پێویست ناکات نیگەرانی داخستنی باڕ و رێستۆرانتەکان بن، چونکە لەگەڵ داخستنی باڕەکان بەهۆی کۆرۆناوە هێشتا دەرفەتیان هەیە چێژ لە شەرابەکانیان وەرگرن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، باڕ و رێستۆرانتەکان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە داخراوی دەمێننەوە، رێستۆرانتێکیش بازی بەسەر رێنماییەکاندا داوە و شەرابی گەرم لە دەرەوەی رێستورانتەکەی پێشکەش دەکات.

دێرک کریگەر خاوەن رێستۆرانتە، ئەو رەتیکردووەتەوە واز لە فرۆشتنی شەراب بێنێت و پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بێت لە کۆرۆنا، دەڵێت "یەکەم شتێكی جوان و دڵخۆشکەرە لەم کاتەی کە کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە خەڵکی بێتە ئێرە و کۆببێتەوە و پیشانی خەڵکانی دیکە بدەین کە ئێمە هێشتا پێکەوەین. بیرۆکەی پێشکەشکردنی شەرابی گەرم هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو. جگە لەوەی کە هەوڵێكی ئێمە بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی کە بەهۆی داخستنی باڕ و رێستۆرانتەکانەوە رووبەڕووی ئێمە بووەوە".

بازاڕی کریسمس لە ئەڵمانیا لە مانگی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات، لە ساڵی 2019دا بایی زیاتر لە 110 ملیار دۆلاری ئەمریکی کەلوپەل کڕدراوە، ئەمساڵیش کۆرۆنا بازاڕە گەرمەکەی کریسمسی نەهێشتووە.

فۆن دانیشتووی بەرلینە، باس لەوە دەکات، "ئەمساڵ بازاڕی کریسمسمان نییە، بۆیە ئێمە بەدوای رێگەی دیکەدا دەگەڕێین، بیرۆکەی شەرابی گەرممان بەدڵە و پشتگیری لێدەکەین".

لە سەرەتای مانگی 11ـی ئەمساڵەوە، داخستنی بەشێك لە ئابووریی ئەڵمانیا دەستیپێکرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، 12 ملیار دۆلاریش بۆ قەرەبووکردنەوەی بازرگانان تەرخانکراوە.

پێشبینی دەکرێت بەهۆی کۆرۆناوە، کۆی بەرهەمی نەتەوەیی ئەڵمانیا کە ساڵانە نزیکەی 4 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکییە بە رێژەی نزیکەی 5.4٪ دابەزێت و زیاتر لە 216 ملیار دۆلار زیانی بەربکەوێت.
rudaw -
Top