هیندستان؛ مامۆستای گوندێک خەڵاتێکی یەک ملیۆن دۆلاری دەباتەوە و نیوەی دەبەخشێت
ئەو مامۆستایە کە ناوی رانجیتسین دیسەلی-یە لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەناوی زیلا پاریشاد لە گوندی پاریتیوادی لە ویلایەتی ماهاراشترا لە هیندستان وانە دەڵێتەوە، توانیویەتی لەنێو 12 هەزار بەربژێردا بۆ ئەو خەڵاتە، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
رانجیتسین دیسەلی تەمەنی 32 ساڵە، دەڵێت "لەم کاتە سەختەدا، مامۆستایان باشترین هەوڵی خۆیان دەدەن بۆئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی کە هەموو قوتابییەک مافی پەروەردەیەکی باشی هەبێت".
مامۆستا هیندییەکە دەشڵێت، مامۆستایان "هەمیشە باوەڕیان بە بەخشین و بەشداریپێکردن" هەیە، هەر لەبەر ئەوە نیوەی خەڵاتەکەی لەنێو باشترین 10 یەکەمین مامۆستایانی لیستەکەدا بەشدەکات.
دادوەرانی پێشبڕکێکە ستایشی ئەوەیان کردووە کە دیسەلی هەوڵیداوە دڵنیابێتەوە لە سوودمەندبوونی ئەو كچانەی کە سوودمەندنەبوون لە چوونە قوتابخانە و بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرز، ئەمەش بەهۆی وازهێنان لە قوتابخانە و هاوسەرگیریی پێشوەختەوە.
رانجیتسین دیسەلی وانەی زانستیی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ قوتابیانی 83 وڵات گوتووەتەوە.
نیوەی ئەو پارەیەی دیسەلی دەیبەخشێت بە 9 یەکەمین مامۆستاکانی دیکە، مامۆستایانی چەند وڵاتێک دەگرێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە: ئیتاڵیا، بەرازیل، ڤیێتنام، مالیزیا، نەیجیریا، ئەفریقیای باشوور، کۆریای باشوور، ئەمریکا و بەریتانیا.
خەڵاتی مامۆستا جیهانی، خەڵاتێکی یەک ملیۆن دۆلارییە و لەلایەن دامەزراوەی ڤارکی ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو مامۆستایانەی کە چالاکی و بەشداریی دیاریان هەبووە لە چوارچێوەی پیشەکەیاندا.
rudaw -
