ئۆپێک پڵەس لەسەر زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا رێککەوت
سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پڵەس ئەو هەواڵەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق، رووسیا، نایجیریا و ئیمارات ئارەزووی خۆیان بۆ خستنەبازاڕی نەوتی زیاتر لە 2021 دەربڕیوە.
ئەوە لەکاتێکدایە نرخی نەوت لە سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی شکستی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر چۆنییەتی خستنەڕوویی نەوت لە ساڵی داهاتوودا دابەزیبوو. دوای سێ رۆژ لە دابەزینی بەردەوامیش، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەهۆی گەشبینی بە دۆزینەوەی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا و هەروەها کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا بەرزبووەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی برێنت 83 سەنت بەرزبووەوە هەر بەرمیلێک بە 48 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش لە سەرووی 50 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کارگێڕیی نەوتی ئەمریکا لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاندووە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 679 هەزار بەرمیل کەمیکردووەوە ئەوەش بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت.
rudaw -
