مۆسكۆ، پاریس و واشنتن داوای دەستبەجێ كشانەوەی چهكداره بیانییهكان لە قەرەباغ دهكهن
ئەم داوایە، ئەمڕۆ لە میانی راگەیاندراوێكی ھاوبەشدا ھات لە لایەن سەرۆك شاندەكانی ئەو سێ دەوڵەتەوە، كە سەرۆكایەتی كۆمەڵەی "مینیسك"ی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا دەكەن و تایبەتە بە چارەسەركردنی ململانێی قەرەباغ.
لە راگەیاندراوەكەدا، وەزیر دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئێف لۆدریان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ستیڤن بێگان پێشوازییان لەو رێككەوتنەی ئاگربەست كرد، كە لە نێوان باكۆ و یەریڤان بە ناوەندگیری مۆسكۆ ئەنجامدراوە. دواشیان لە ھەردوو لا كرد، بە تەواوی پابەندی رێككەوتنەكە و ئەو بەرپرسیارییەتەی دەكەوێتە سەریان بن، بەپێی راگەیاندنە سێ لایەنەكەی 9ی تشرینی دووەم.
داواشیان كرد، "تەواوی بەكرێگیراوانی بیانی بەخێرای لە ناوچەكە بكشێندرێنەوە و داوایان لە ھەموو لایەنەكان كرد پەلە بكەن لە كشاندنەوەیان".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەكەدا، بەرپرسیاریەتییەكانیان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بەبیر ئەرمینیا و ئازەربایجانیان ھێناوەتەوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكان و لاشەی كوژراوەكان.
جەختیشكراوەتەوە لەسەر گرنگی ئامادەكردنی دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بە ئازادانە بۆ ناوچەكانیان.
داواشیان لە خاچی سوور و دەزگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە، ھەنگاوەكانی كردەیی بگرنەبەر لەپێناو باشكردنی دۆخی مرۆیی لە قەرەباغ. ھانی باكۆ و یەریڤانیان دا بۆ سوودوەرگرتن لە ئاگربەست بۆ دانوستانكردن لەسەر ئاشتییەكی بەردەوام لە ژێر چاودێری رێكخراوی ئەمن و ھاریكاری لە ئەوروپا.
سەرچاوە: RT
k24 -
