پرۆژەیەک بۆ بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان موسلیمین دەدرێتە کۆنگرێسی ئەمریکا
ئەندامێکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پرۆژەیەک بۆ ناساندنی رەوتی ئیخوان موسلیمین وەک گرووپێکی تیرۆریستی، ئامادە دەکات.
تید کرۆز، ئەندامی کۆماریخوازی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران پرۆژەکەی ئامادە کردووە و پێشکەشی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە.
تید کرۆز لە پرۆژەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەوتی ئیخوان موسلیمین بەرپرسە لە پارەدارکردنی تیرۆر و بانگەشەکردن بۆی.
کرۆز جەختی لە پێویستیی بە تیرۆریست ناساندنی رەوتی ئیخوان موسلیمین کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی پتەوکردنی هەڵوێستی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆر.
ئەو ئەندامەی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا نموونەی بە هەڵوێستی وڵاتانی سعودیە، میسر، بەحرێن و ئیمارات هێناوەتەوە، کە دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامین و رەوتی ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
باسنيوز
