ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەی میلیشیاکان نیوەی دیپلۆماتکارەکانی لە بەغدا دەکێشێتەوە

ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەی میلیشیاکان نیوەی دیپلۆماتکارەکانی لە بەغدا دەکێشێتەوە


حکوومەتی ئەمریکا بەهۆکاری ئەمنی، نیوەی دیپلۆماتکارەکانی لە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدای پایتەختی عێراق، دەکێشێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-12-2020 ماڵپەڕی (سکای نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، کە پرۆسەی کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە هەمانگەهیی حکوومەتی عێراقی و هێزە سیاسی و ئەمنییە عێراقییەکان، دەستی پێکردووە.

هەروەک ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە، کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەهۆی هەڕەشەی گرووپ و میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانەوەیە، کە بەردەوام هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر باڵوێزخانەکە.

بڕیاری کشاندنەوەی ئەو دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانە بە رێنوێنیی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی دێت، کە رایانگەیاندووە، ئەگەر هەیە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، ئەو میلیشیایانە هێرشی زیاتر بکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.







باسنيوز
Top