ئەنجوومەنی پاراستنی دهستوور لە ئێران یاسای زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پەسندكرد
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، "عەباس عەلی كەدخودایی" بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، یاسای "رێكارەكانی ستراتیجی بۆ نەھێشتنی سزاكان" كە پەرلەمان بەپەلە دەنگی لە سەر یاساكە دا، "دژی شەریعەت و دەستوور نییە" بۆیە لە لایەن ئەنجوومەنەوە پەسندكرا.
بەمەش ئەو یاسایە، وەك دەڵێن، ئامانجی نەھێشتنی سزا سەپێنراوەكانی ئەمەریكایە لەسەر ئێران، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
یاساكە چەند خاڵ لە خۆی دەگرێت، لەوانە:
* پابەندكردنی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20% و بە قەبارەی 120 كیلۆگرامی ساڵانە لە بنكەی "فرۆدۆ"ی ئەتۆمی.
* پابەندكردنی حكومەت بە دامەزراندنی ھەزار ئامێری سەنەرفیوچ لە جۆری IR-2m بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی لەژێر زەوی و دانانی ھەزار ئامێری سەنتەرفیۆچ لە جۆری IR6 لە وێستگەی فورۆدۆی ئەتۆمی تا ئاداری داھاتوو.
* پابەندكردنی حكومەت بە دەستبەكاربوونەوەی وێستگەی ئەراك بۆ ئاوی قورس، وەكو پێش رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015.
* پابەندكردنی حكومەت بە راگرتنی كاركردن بە پرۆتۆكۆڵی زیادكراو لە حاڵەتێكدا ئەگەر پەیوەندییە بانكییەكان لەگەڵ جیھان نەگەڕایەوە سەر سرووشتی پێشووی خۆی و لابردنی كۆتوبەندەكانی سەر ھەنارەدەكردنی نەوت دوای دوو مانگ لە پەسندكردنی یاساكە. ئەم یاسایە مشتومڕێكی زۆری لە نێوان دهستهبژێری دەسەڵاتدار لە ئێران درووستكردووه و حكومەتی رووحانی دژایەتی خۆی بۆ یاساكە دەربڕیوه و لهو بڕوایهدایه، ئاستهنگ بۆ دیپلۆماسییهتی كۆماری ئیسلامی ئێران درووست دهكات.
ئەم یاسایە لە ئەنجامی تیرۆركردنی فەخریزادە خرایە پێش پەرلەمان، فەخریزادە سەرۆكی سهنتهری لێكۆڵینهوه و داھێنانی سەر بە وەزارەتی بەرگری بوو و كەسایەتی سەرەكی بوو لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
k24 -
