پەرلەمانی ئێران پرۆژەی زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی پەسەند کرد
پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ١ی١٢ی٢٠٢٠ ناوەرۆکی پرۆژەیاسایەکی لەژێر ناوی "هەوڵی ستراتیژی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان" پەسەند کرد کە لەکۆی ٢٦٠ پەرلەمانتاری بەشداری کۆبوونەوەکە، ٢٥١ کەس دەنگیان بە پرۆژەکە داوە، بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، وەک گوشارێک بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، بڕیار دراوە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بکرێت و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران فراوانتر بکرێن.
لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە، ئەگەر هات و گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵنەگیران، ئێران بۆی هەیە لە ڕێککەوتننامەی پێشگیری لە پەسەرەندنی چەکی ئەتۆمی (NTP) بکشێتەوە.
پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا بەپەلە پرۆژەیاسای پەرەپێدان بە پیتاندنی یۆرانیۆمی پەسەند کردووە و هەڕەشەی کشانەوەی لە پەیماننامەی (NTP) دەکات، لە حاڵێکدا لەمێژە ئەو پرۆژەیاسایە ئامادە کراوە و چەندین ساڵیشە هەڕەشەی کشانەوە لەو ڕێککەتننامەیە دەکات، کەچی دوای تیرۆری موحسین فەخری زادە زانای ئەوتۆمیی ئێران، ئەم هەنگاوانەی خێراتر کردووە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا و پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، کۆماری ئیسلامیش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا بە چەند قۆناغێک پابەندبوونەکانی خۆی بە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە کەم کردووەتەوە ئاشکرای کردووە بەرەبەرە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەێزتر دەکات و ڕای گەیاندووە، ئەوەی پیشێلکاری سەرەکیی ڕێککەوتنەکەیە ئەمریکایە، نەک ئێران.
باسنيوز
