ئەردۆغان چەند رێکارێکی نوێی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا راگەیاند

ئەردۆغان چەند رێکارێکی نوێی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا راگەیاند
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریی دایە خەڵکی تورکیا و رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت جموجووڵ بۆ کەمترین ئاست دابەزێنن و ئەگەر زۆر ناچار نەبن، قەرەباڵخی دروست نەکەن.

ئەردۆغان ستایشی سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی لە دۆخە نالەبارەکانی رابردوو و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا کرد و جەختیکردەوە کە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبن.

لەبەر ئەوەی ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەم هەفتەیەدا بۆ نزیک لە 200 کەس لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەردۆغان چەند رێکارێکی نوێی راگەیاند.

رێکارەکان بریتین لە:

- سنوورداریی هاتووچۆ لە ئێوارانی هەینی لە کاژێر 21:00 تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە کاژێر 05:00 جێبەجێ دەکرێت.
- لەمەودوا رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەبێت خەڵک لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
- لە رۆژانی ئاساییدا کاژێر 21:00 بۆ 05:00ی بەرەبەیان سنوودارکردنی هاتووچۆی گشتییە.
- مارکێت، فرۆشگە، گۆشتفرۆش، میوەفرۆش و شوێنکارە هاوشێوەکان پێویستە لەکاتی دیاریکراودا کاربکەن و کاڵا بۆ کڕیارانیان بنێرن
- نابێت زیاتر لە 30 کەس بەشداری لە رێوڕەسمی نوێژی مردوو بکەن، ئەم ژمارەیە مارەبڕینیش دەگرێتەوە
- نابێت لە ماڵەکاندا پرسە، ئاهەنگ، پیرۆزبایی سەری ساڵ رێکبخرێت

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ڤاکسینیشەوە رایگەیاند، لە مانگی داهاتوودا لە کارمەندانی تەندروستییەوە دەستپێدەکەن و دواتریش بە خۆڕایی بەسەر تەواوی هاووڵاتییاندا دابەشی دەکەن.
rudaw -
Top