ڕاگەیاندنەکانی کۆشکی سپی دەکەونە دەست ئافرەتان

ڕاگەیاندنەکانی کۆشکی سپی دەکەونە دەست ئافرەتان


جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رای گەیاند تیمێکی تایبەتی راگەیاندن و میدیاکار لە کۆشکی سپی لە ئافرەتان پێک دەهێنێت و ئەمەی بە یەکەم تیمی لەو جۆرە لە مێژووی ئەمریکا وەسف کردووە.

جۆ بایدن، گوتەبێژێکی ئافرەت بۆ کۆشکی سپی هەڵدەبژێرێت وێڕای ئەوە (جیل بایدن)ی هاوسەریشی لەگەڵدا دەبێت لە کۆشک و ئەویش گوتەبێژێکی ئافرەت بۆ خۆی دەستنیشان دەکات، لە هەمانکاتدا جێگرەکەشی کە (کامالا هاریس)ە، هەر ئافرەتە و ئەویش ئافرەتێکی دیکە بە گوتەبێژ بۆ خۆی دیار دەکات.

لەو ئافرەتانەی ناویان هاتووە و بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان کراون، (جین ساکی) وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی دیار کراوە، کە پۆستێکی باڵایە. پێشتر ساکی چەندین پۆستی بەرزی هەبووە، لەوانە بەڕێوەبەری گەیاندن لە کۆشکی سپی لە سەردەمی ئۆبامادا.

جۆ بایدن لە راگەیاندراوێکیدا دەڵێت: "من شانازی دەکەم کە ئەمڕۆ یەکەم تیمی ڕاگەیاندنم لە کۆشکی سپی پێشکەش کردووە، کە بەتەواوی لە ئافرەتان پێک هاتووە".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم ئافرەتانە لە بواری ڕاگەیاندندا بەتوانا و پسپۆڕن، بیروڕای هەمەجۆر بۆ کارەکانیان دەستەبەر دەکەن و بەشدارییەکی کاراش دەکەن لە بنیاتنانەوەی وڵات بە شێوەیەکی باشتر".

جگە لە ساکی، 6 ئافرەتی دیکە ناویان هاتووە لەوانە (کیت بیدینگفیڵد) کە جێگری بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن بووە، پۆستی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی لە کۆشکی سپی بۆ دیاری کراوە.

(ئاشلی ئتیان) پۆستی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کاملا هاریسی جێگری سەرکۆمار بۆ دیار کراوە. (سیمۆن ساندز) پۆستی گەورە راوێژکار و گوتەبێژ بە ناوی هاریس داندراوە.

هاوکات (بیلی توباز)یش بە جێگری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی دیار کراوە و (کارین جان بییر)یش بە جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی.

هەر لەمبارەوە (ئەلیزابێس ئەلکسەندەر)ە بۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی خانمی یەکەمی کۆشک جیل بایدن دەستنیشان کراوە.

شایانی باسە دەستنیشانکردن و پڕکردنەوەی ئەم پۆستانە، بە پێچەوانەی پۆستە وەزارییەکان، پێویسیان بە دەنگ و رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیران نییە.





باسنيوز
Top