لە ژاپۆن رێژەی خۆکوشتن هەشت هێندەی مردنە بە کۆرۆنا

لە ژاپۆن رێژەی خۆکوشتن هەشت هێندەی مردنە بە کۆرۆنا

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ژاپۆن بووەتە هۆی هەڵکشانی کێشە دەروونییەکان و ئاژانسە پزیشکییەکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئێستا "قەیرانی تەندروستیی دەروونی" هەیە.

هۆکاری ئەو هۆشداریەی دامەزراوە پزیشکییەکان بێهوودە نییە، چونکە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دوو هەزار و 74 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە یەک مانگدا دوو هەزار و 153 کەس خۆیان کوشتووە.

لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 17 هەزار کەس خۆیان کوشتووە؛ ژمارەی خۆکوشتن هەشت هێندەی قوربانیانی کۆرۆنایە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە وایکردووە، کێشەی تەندروستیی دەروونی بە قەیرانێکی گەورەتر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دابنرێت.

ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی خۆکوشتن تێیدا بەرزە و لە هەر 100 هەزار کەس 16 کەس خۆیان دەکوژن.

هۆکارەکانی خۆکوشتن لە ژاپۆن بریتین لە گوشاری کارکردن، درێژیی کاتی کارکردن و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی.

هەرچەندە قەدەخەی گشتی لە ژاپۆن جێبەجێ ناکرێت، بەڵام دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی، باڕ و رێستۆرانتەکانی چۆڵ کردووە، ئەوەش گوشارێکی دیکەی دەروونیی بۆ خەڵک دروستکردووە.

حکومەتی ژاپۆن دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هۆشداریی نوێ سەبارەت بە رێگەگرتن لە خۆکوشتن لە وڵاتەکەی. بۆ ئەو مەبەستەش، 34 ملیۆن دۆلاری وەکو بودجەی رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی خۆکوشتن تەرخانکردووە.
rudaw -
Top