كوشتنی زانا ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران‌ كاردانه‌وه‌ی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا

كوشتنی زانا ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران‌ كاردانه‌وه‌ی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا
كوشتنى موحسن فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێران لە ناوچەی دەماوەند لە رۆژھەڵاتی تاران، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەداوی خۆیدا ھێنا.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئاماژەی بەھێز ھەن کە ئیسرائیل زانا ئەتۆمیەکەی ئێرانی "تیرۆر" کردبێت.

زەریف ھێرشی توندی كرده‌ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا و گوتی: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی دەکەم، کۆتایی بەو دەبڵ ستانداردە شەرمھێنەرەیان بھێنن و ئیدانەی ئەم کردەوە "تیرۆریستیە" بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ھەرزوو توێتێکی رۆژنامەنووسی دیاری ئیسرائیلی، یووسی مێلمانی ریتویتکردووە و نووسیویەتی: "فەخری زادە سەرۆکی پرۆگرامی نھێنی ئەتۆمی ئێران بووە و لەلایەن مووسادەوە داواکراو بووە و کوشتنیشی گەورەترین زیانی بە ئێران گەیاندووە".

30ی نیسانی 2018 بنیامین ناتەنیاھۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەڕوونی ناوی موحسن فەخری زادەی هێنا و گوتی: "ئەم ناوەتان بیر نەچێت".

بنیامین ناتەنۆیاھۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل له‌ گوته‌كانیدا گوتیشی: "بەشی سەرەکی پلانەکە ئەوەبوو لەرێگەی دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێوە ئەو کارە درێژە پێ بدەن. دکتۆر موحسی ن فەخری زادە، سەرۆکی پرۆژەی ئامەد. ناوەکەیتان لەبیر بێت "فەخری زادە"، ئەو ئەم دامەزراوەیە بەڕێوەدەبات".

ناتانیاهۆ گوتیشی: "ئامانجی سەرەکی راگەیاندنی داخستنی پرۆژەی ئامەدە، بەڵام چالاکی تایبەت لەژێر ناوی دۆزینەوەی زانستی، بەردەوام دەبن. خۆتان دەزانن چالاکی تایبەت چییە؟ ئەمە بەدیاریکراوی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت ئەنجامی بدات. لەرێگەی چەند دامەزراوەیێکەوە بەدرێژایی بەردەوامە لە چالاکییەکانی. لە 2018ش ئەو چالاکیانە لەلایەن سەپاندەوە بەڕێوەدەبرێن، کە رێکخراوێکە لەناو وەزارەتی بەرگری ئێران. بۆیە تووشی سەرسورمان نابن، ئەگەر بزانن ئەو دامەزراوەیە لەلایەن ھەمان ئەو کەسەی کە دامەزراوەی ئامەد بەڕێوەدەبات سەرۆکایەتی دەکرێت، دکتۆر فەخریزادە. زۆرێك لەوانەشی کە لە سه‌پاند کاردەکەن، ھەمان ئەو کەسانەن کە لە دامەزراوەی ئامەددا کار دەکەن."

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردووش، نیویۆرك تایمز پلانێکی ترەمپی بۆ ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا کرد، کە دواتر لەلایەن راوێژکارەکانیەوە لە بڕیارەکەی پەشیمان کراوەتەوە.

دواتر چەند دەزگایەکی ئیسرائیلی ھەواڵی سەردانی نھێنی ناتەنیاھۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیان لەگەڵ مایك پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ سعوودیە بڵاوکردەوە، کە بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلیەکان، ناتەنیاھۆ و محەمەد بن سەلمان لە ریازی پایتەختی سعوودیه‌ 5 کاتژمێر کۆبوونەوەی نھێنیان ھەبووە و دواتر وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەو ھەواڵەشی رەتکردەوە.

سەرەتای ئەم ھەفتەیەش جارێکی دیکە میدیا ئیسرائیلییەکان پلانی ھێرشێکی غافڵگیرانە و ھاوبەشی ئیسرائیلی، سعوودی و ئیماراتیان بۆسەر ئێران ئاشکرا کرد، بەڵام تا ئێستا ئەم ھەواڵە رەتنەکراوەتەوە.

ئۆفیسی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئامادە نەبووە ھیچ لێدوانێك لەسەر کوژرانی موحسن فەخری رادە بدات.

وەزیری بەرگری ئەمه‌ریکاش لە قەتەرە و ئەویش بە ھەمانشێوە ئامادە نەبووە کۆمێنتێك لەسەر کوژرانی ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران بدات، کە ئەمرۆ لە نزیك تاران تیرۆر كوژرا.

ئێران ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات و دەڵێ: لە تۆڵەکردنەوە سڵ ناکەینەوە و بێدەنگ نابین.

حوسێن دێھقان، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بۆ كاروباری سه‌ربازی رایگەیاند: ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە پەشیمان دەکەینەوە. ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل لە کۆتا رۆژەکانی دەسەڵاتیاندا دەیانەوێت جه‌نگێكی فراوان لە دژی ئێران ھەڵبگیرسێنن.
k24 -
Top