لە ئێران ماددەی هۆشبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەشێوەی چکلێتدا دەفرۆشرێت
فەرامەرز شاکری، فەرماندەی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سنە دەڵێت "هەواڵێکمان پێ گەیشت، سەبارەت بە گلەییکردنی دانیشتووانی گەڕەکی تەپەی شێخ سەلام، باسی لە کۆبوونەوەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەکرد. بەپێی ئەوەی گۆڕی هەندێک لە شەهیدەکانمان لەم شوێنەیە، پلانی کۆکردنەوە و دەستبەسەرکردنی 12 کەس لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانمان لەم شوێنە جێبەجێ کرد".
فرۆش و دەستاودەستکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاسانترە لە فرۆشی زۆر کەلوپەلی دیکە. ئەمەش گومانی زۆری لەبارەی گرینگی پێنەدانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیددیی ئەو ماددانە لای کۆمەڵناسان دروستکردووە. ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانیشدا بە ئاسانی هەموو جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر دەستاودەست دەکرێن، ئەوەش بووەتە مەترسی لەسەر گەنجان و مێرمنداڵان کە بەهۆی خوێندنی ئۆنلاینەوە، زیاتر لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نزیکبوونەوە.
مەجید کەریمی، فەرماندەی پۆلیسی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات "هەفتەی رابردوو تیمێکمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاشکرا و دەستبەسەر کرد کە خەریکی فرۆشتنی چکلێتی هۆشبەر بوون. ئەم چکلێتانە کە دەیبینن لە پەیجی ئینستاگرام و تێلیگرامدا، ریکلامیان بۆ دەکرێت و دەفرۆشرێن. وەکو دەبینن، لەگەڵ ئەو چکلێتانەی کە لە بازاڕدان هیچ جیاوازییەکیان نییە".
ئامارە نافەرمییەکانی ئێران بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمیی 10 ساڵ پێش ئێستا کە ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بە چوار ملیۆن کەس راگەیێندرابوون، ژمارەی ئێستا بە نزیکەی 10 ملیۆن بەکارهێنەر لەنێو کەسانی تەمەن 15 بۆ 65 ساڵ مەزەندە دەکەن. بەڵام حکومەتی ئێران ئەو ئامارە رەتدەکاتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێستای رێکخراوەی خۆشبژێوی، دوو ملیۆن و 800 هەزار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا هەن، کە لەو ژمارەیە 64 هەزار کەسیان لەسەر شەقامن. پێشبینی دەکرێت یەک ملیۆن و 400 هەزار کەسی دیکەی بەکارهێنەر و تووشبووی ماددەی هۆشبەر هەبن کە نەناسراوبن.
مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا بە ئاسانی جۆرە کیمیاییەکانیشی لە زۆربەی شارەکان دروستدەکرێت، لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی هەموو جۆرە ڤایرۆسێک زیاترە، لەسەرەخۆ و نادیار بڵاودەبێتەوە و وردە وردە تووشبووانی وا لێدەکات، هەموو ژیانیان بدۆڕێنن.
rudaw -
