فوئاد حوسێن لە رووسیا: لە بواری هەواڵگری و راهێنان پێویستمان بە وڵاتانە

فوئاد حوسێن لە رووسیا: لە بواری هەواڵگری و راهێنان پێویستمان بە وڵاتانە
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، جموجۆڵی داعش لە هەندێک ناوچەی وڵات زیادیکردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، کاتێك قسە لەبارەی کشاندنەوەی هێزە بیانییەکان دەکرێت، مەبەست لێی ئەو هێزانەیە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامدەدەن.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای رووسی رایگەیاند "بەداخەوە، گرووپی تیرۆریستیی داعش هێشتا هەیە و بەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستاش جموجۆڵی زیاتر بووە. ئێمە دەزانین گرووپەکە لە هەندێک ناوچەی تایبەتی پارێزگاکانی ئەنبار، کەرکووک، دیالە و هەندێک ناوچەی نەینەوا هەیە. ئەندامی داعش لە زیندانەکانی عێراقدا هەن کە هاووڵاتیی وڵاتانی جیاوازن".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێویستی بەوەیە لەگەڵ هەواڵگری و ئاژانسە بەرگرییەکانی دەرەوە هاوئاهەنگی بکات بەمەبەستی تێکشکاندنی داعش.

فوئاد حوسێن باس لەوە دەکات "شانە و گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەندێک ناوچەی عێراق هەن.. ئەوەش کاریگەریی لەسەر بواری ئەمنیی عێراق هەیە. پێویستمان بەوەیە لە بواری هەواڵگری، چەک و راهێنانەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە هاوئاهەنگی بکەین".

دەربارەی بابەتی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی "ئەوەی پەیوەندیی بە کشاندنەوەی تەواوی هێزەکانەوە هەیە، ئێمە لەبارەی ئەو هێزانە قسە دەکەین کە ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن. راوێژکاران، هاوهانگیی هەواڵگری دژی چەتەکانی داعش یان هاوئاهەنگی لە بواری راهێنانی سەربازی بابەتێکی دیکەیە".

حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام لەوکاتەوە جموجۆڵی داعش لە هەندێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی دیکە هەر ماوە.

ئەوەی پەیوەندیی بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە هەیە، لە سەرەتای ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق بێ ئامادەبوونی کورد و بەشێکی زۆری سوننە، چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکانی لە عێراق پەسندکرد.
rudaw -
Top