سوپای ئەسیوپیا هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر سەربەخۆخوازانی تیگرای

سوپای ئەسیوپیا هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر سەربەخۆخوازانی تیگرای


سوپای ئەسیوپیا هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر سەربەخۆخوازانی هەرێمی تیگرای لە باکووری وڵاتەکەی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-11-2020، ئابی ئەحمەد، سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا رایگەیاندووە، مۆڵەتە 72 کاتژمێرییەکەی بۆ خۆڕادەستکردنی سەرانی بزووتنەوەی میللی بۆ رزگاریی تیگرای، کۆتایی هات.

ئابی ئەحمەد فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرشێکی فراوان بکەنە سەر هەرێمی تیگرای و شاری میکیلیی پایتەختی ئەو هەرێمی داگیر بکەن.

ئەو فەرمانەی سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا دوای ئەوە هات، کە سەرکردەکانی بەرەی میللی بۆ رزگاریی تیگرای، کە سەرکردایەتیی هەرێمەکە دەکەن بۆ رزگاربوون لەژێر دەسەڵاتی ئەسیوپیا، مۆڵەتەکەی ئابی ئەحمەدیان رەت کردەوە و رایانگەیاند، ”ئامادەین بۆ مردن“.

هەرچەندە ناوەندە سیاسییە ئەفریقی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ نێوەندگیری لەنێوان سەربەخۆخوازانی تیگرای و حکوومەتی ئەسیوپیا راگەیاند، بەڵام ئابی ئەحمەد هەموو هەوڵێکی دانوستاندنی رەتکردەوە.

تیگرای هەرێمێکی خودموختاریی ئەسیوپییە و کەوتووەتە باکووری ئەو وڵاتە. زۆرینەی دانیشتووانەکەی، کە نزیکەی پێنج ملیۆن کەسن، مەسیحیی ئەرسۆدۆکسینە و هەرێمەکەش کەوتووەتە باشووری دەوڵەتی ئەریتریا و باشووری رۆژهەڵاتی سودان.






باسنيوز
Top