سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێك بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان بڵاو ده‌كاته‌وه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێك بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان بڵاو ده‌كاته‌وه‌
سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێكى بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ژنان لەبەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتییان و ڕێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25/11/2020، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: "لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ژناندا، جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیى پشتگیرى له‌ مافه‌كانیان و هه‌وڵ و کاری بەردەوام بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان دەکەینەوە، كوردستانیش وه‌ك هه‌موو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "ژنان لە بەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتییان و ڕێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش، دەستخۆشی لە پەرستار و پزیشک و کرێکار و کارمەندانی تەواوی دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکانی کوردستان و سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونیان ده‌كه‌م".

نێچیرڤان بارزانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەت دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە بۆ ئه‌م پرسه‌ بە گوڕ و تینێکی زیاتره‌وه‌ پشتگیریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن، ئافره‌تان دڵنیا دەکەینەوە کە هاوکاری و هەماهەنگیمان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاکامی باشتر بەردەوام دەبێت".



ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:
لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژیی دژی ژناندا، جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیى پشتگیرى له‌ مافه‌كانیان و هه‌وڵ و کاری بەردەوام بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان دەکەینەوە. كوردستانیش وه‌ك هه‌موو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت. ئافرەتان لە ماڵ و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکان، ئەرکێكى قورسیان کەوتە ئەستۆ.

ژنان لە بەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتیان و ڕێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش. دەستخۆشی لە پەرستار و پزیشک و کرێکار و کارمەندانی تەواوی دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکانی کوردستان و سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونیان ده‌كه‌م.

قەیرانی ئابووری و دارایی كه‌ لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤید_19ن، لەگەڵ گرژییه‌ سیاسییه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه‌ مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەگەڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و نه‌هێشتنى توندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له‌ هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بینه‌وه‌.

توندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و ڕۆڵیان له‌ نەهێشتنی توندوتیژیدا هه‌بێت. كاتى کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ پیاوان بووە مایەی هۆشیاری و بەخۆداچوونەوە کە ناوماڵ تەنها شوێنی حەسانەوە نییه‌، بەڵکوو شوێنی کار و هاوکاری و بەجێهێنانی ئەرکەکانیشمانە بەرامبەر دایک و خوشک و هاوژین و پەروەردەی منداڵەکانمان.

ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەت دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە بۆ ئه‌م پرسه‌ بە گوڕ و تینێکی زیاتره‌وه‌ پشتگیریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن. ئافره‌تان دڵنیا دەکەینەوە کە هاوکاری و هەماهەنگیمان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاکامی باشتر بەردەوام دەبێت.

هیوادارم چالاکی و کارەکان تەنها لەم شازدە ڕۆژه‌دا قەتیس نەمێنن، بەڵکوو هەمووان پێکەوە بە ژن و پیاوەوە ڕۆژانە کار بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بۆ ئاشتی و یەکسانی و دادوەری، بكه‌ین.

هیوای سەرکەوتن و تەندروستی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٥/ ١١/ 2020






باسنیوز
Top