بیابانی رۆژئاوا.. بۆ مەغریب کانە دۆلارە و بۆ خەڵکەکەی وڵاتی بێنەوایان
بیابانی رۆژئاوا ناوچەیەکی دیکەی خاوەن شوناس، ناسنامە و نەتەوەی جیاوازە، بەرژەوەندیی زلهێزەکان و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوێ لەسەر کەناراوەکانی مەغریب، نەتەوەیەکیان خستووەتە ژێر مەترسی جەنگێکەوە، کە هەموو ساتێک ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە.
کێشەی بیابانی رۆژئاوا، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە، ململانێیەکە لە نێوان دەوڵەتی مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆدا بەڕێوەدەچێت. بنەمای کێشەکە بۆ ئەو شۆڕشە دەگەڕێتەوە کە بەرەی پۆلیساریۆ و سەرکردەکانی لە دژی هێزەکانی ئیسپانیا لە ساڵانی 1973دا هەڵگیانگیرساند و تێیدا، جەنگیان لە دژی ئەو وڵاتە بەرپاکرد تاوەکو ساڵی 1975. دواتر ئەو شەڕە درێژەی کێشا، بەڵام بە یاریزانێکی نوێوە و جەنگەکە کەوتە نێوان پۆلیساریۆ و حکومەتی مەغریبییەوە تاوەکو ساڵی 1991.
ساڵانێک پاش جەنگی خوێناوی، رووخساری ململانێیەکە بۆ ئاستێکی شارستانیتر گۆڕا، ئێستا پۆلیساریۆ و حکومەتە خۆجێیەکەی کۆماری دیموکراتی بیابانی رۆژئاوا کە بەرەی پۆلیساریۆ خاوەنیەتی، هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەردەوام و جیابوونەوەی یەکجاری لە مەغریب دەدەن.
لە راستیدا چەندە ویستی سەربەخۆییخوازی باڵی بەسەر دانیشتووانی هەرێمەکەدا کێشاوە، ئەوەندە تێوەگلاوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستیان لە رووداوەکانیدا هەیە. پاشەکشەی ئیسپانیا لە مەغریب، بەپێی رێککەوتننامەکانی مەدرید لە ساڵی 1975دا دەستی پێکرد، لەوکاتەوە بەرەی پۆلیساریۆ بەپشتگیری جەزائیر، جەنگی لە دژی حکومەتی مەغریب بەرپاکرد و ماوەی 16 ساڵ بەردەوامبوو.
لە داگیرکارییەوە بۆ داگیرکار
مەغریب بەهەرێمی بیابانی رۆژئاواشەوە، لەژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنی ئیسپانیادا بوو. ئەوێ هەرێمێکی جیاواز لە کولتوور و زمان و نەتەوەی گەلی بیاباننشینی هەڵکەوتوو لە باشووری مەغریبە، کە دانیشتووانەکەی هەرزوو ویستی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان راگەیاندووە.
بیابانی رۆژئاوا جیا لە مەغریب، بەشێکی خاکەکەی دەکەوێتە ناو مۆریتانیاوە، ئەمە وایکردووە پۆلیسارۆییەکان لەگەڵ دوو وڵاتی جیاوازدا ناکۆک بن. لە شوباتی 1976دا، بەرەی پۆلیساریۆ، دامەزراندنی کۆماری عەرەبی بیابانی دیموکراتی راگەیاند، کۆمارەکە لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، هەندێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەش دانیان بەبوونی دانا بەفەرمی.
ساڵی 1976 هەریەکە لە مەغریب و مۆریتانیا بڕیاری پێوەلکاندنی بیابانی رۆژئاوایان بەخاکەکانیانەوە نا، لە کاتێکدا پۆلیساریۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەی راگەیاند. ئەمە وایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە ناو کێشەکەوە و بڕیارێک دەربکات کە تێیدا دووپاتیدەکاتەوە بەبوونی مافی چارەنووس بۆ گەلی بیاباننشین لە ساڵی 1977دا، دواتر ململانێیەکە پەرەیسەند و فەرەنساش هاتە ناو کێشەکەوە.
ساڵی 1979 مۆریتانیا خۆی لە کێشەکە بێلایەنکرد و تاکلایەنە لە ململانێیەکە کشایەوە و هێزەکانی لە خاکی هەرێمەکەدا کشاندەوە، ئەمە وایکرد هەموو ئەگەرەکانی چارەسەری کێشەکە بگەنە بنبەست، ململانێیەکەش لە نێوان حكومەتی مەغریب و پۆلیساریۆدا چڕبووەوە. هەشتاکانی سەدەی رابردوو، چەندین پێکدادان و ململانێی سەربازیی لە نێوان پۆلیساریۆ و مەغریبدا بەخۆوە بینی. دواتر لە 1989دا گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا دەستیانپێکرد و ساڵی 1991 مەغریب و پۆلیساریۆ گەیشتنە هەڵپەساردنی پێکدادانی سەربازی و ئاگربەست.
لەدوای ئاگربەستەوە، زۆرینەی خاکی هەرێمە بیابانییەکە لەژێر دەستی حکومەتی مەغریبدا مایەوە، کە کۆی 80٪ی خاکی هەرێمەکە بوو، حکومەتی مەغریب ئەو ناوچانە بە 'هەرێمەکانی باشوور' ناودەبات، لای پۆلیسارۆییەکان ئەو ناوچانەی هەرێمەکەیان 'داگیرکراو'ە. لە کاتێکدا پۆلیساریۆ تەنیا 20٪ی خاکەکەی لە ژێر دەستدا مایەوە، ئەوان ناوچەکانی خۆیان بە 'ئازادکراو' ناودەنێن و مەغریبیش ناویناوە 'ناوچە دابڕاوەکان'. پۆلیساریۆ هەروەها هەندێک لە گیرفانەی سەرسنووری جەزائیری لەژێر دەسەڵاتدایە، کە ئاوارەکانی هەرێمەکەی تێدا نیشتەجبوون و لە کەمپەکانی ئاوارەکان پێکهاتبوو. ئێستا هەمان ئەو سنوورانە لە نێوان هەردوولادا وەک خۆی ماوەتەوە.
سەرهەڵدانەوەی بەردەوامی پشێوییەکان
وێڕای دەستپێشخەرییە جیاوازەکانی ئاشتی لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، بەڵام ململانێیەکان وەک خۆی مانەوە. لە هەرێمی بیابانی رۆژئاوادا ساڵی 2005، زنجیرەیەک پشێوی سەریانهەڵدا، خۆپێشاندان بەڕێوەچوون و تووندوتیژی کەوتنەوە، دروشمی دانیشووانی هەرێمەکە لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی حکومەتی مەغریبدا ماونەتەوە، بە "راپەڕینی سەربەخۆیی" ناونرا، پشێوییەکان لە ئایاری 2005 سەریانهەڵدا و تاوەکو تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەردەوامبوون.
پشێوییەکان ناوەناوە سەرهەڵدەدەنەوە و پێکدادانەکان بەردەوام دەبن. لە کۆتاییەکانی 2010دا لە کەمپی 'ئاکدیم ئیزیک'، پەنابەرانی هەرێمەکە جارێکی دیکە ناڕەزاییان دەستپێکردەوە، خۆپێشاندەران و ئاسایشی مەغریب پێکدا هەڵپژان، دەیان قوربانیی لە نێوان هەردوولادا کەوتنەوە .
لە ئایاری 2011دا جارێکی دیکە پشێوی رووی لە ناوچەکە کردەوە، ئەمەش پاش ئەوەی پۆلیسی مەغریب لەگەڵ دانیشتووانی شاری داخلەی بیاباننشیندا پێکداهەڵپژان. ئەمجارەیان پێکدادانەکان سەرجەم ناوچەکانی هەرێمەکەیان گرتەوە، تاوەکو ئایاری 2011 درێژەی کێشا.
دابەشبوونە جوگرافییەکانی ئێستا، دەریدەخەن 80%ی خاکی هەرێمەکە بەدەست حکومەتی مەغریبەوەیە و ناویناوە هەرێمەکانی باشووری وڵات، ئەو بەشە کەمەی لەژێر دەستی حکومەتی بیابانی دیموکراتدایە، بەدەوڵەتی پۆلیساریۆ ناودەبرێت. هێشتا بابەتەکانی وەک دانپێدانان، دامەزراندنی دەوڵەتی بیابانی سەربەخۆ، ژمارەی زۆری ئاوارە و دەربەدەرەکانی هەرێمەکە بەهۆی جەنگ و پێکدادانەکانەوە، لە نێو دۆسیە گەرم و ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان هەردوو لادایە.
خاکی بیابانی رۆژئاوا، بڕێکی یەکجار زۆری فۆسفات لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ پۆڵا و سەرچاوەی گەورەی نەوت، ئەمە جیا لە هەڵکەوتنی هەرێمەکە لەسەر کەناراوەکانی دەریای ئەتڵەسی، دیمەنە گەشتیارییە نایابەکانی ئەو ناوچەیە جێگەی سەرنجن، بەڵام بۆ مەغریب کە دەست لە خاکی هەرێمەکە هەڵناگرێت، سامانە گەورەکەی ماسیی دەریا، خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێشە.
هەڵکەوتەی جوگرافی
بیابانی رۆژئاوا، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقیاوە، راستەوخۆ لە باشووری مەغریبە، رووبەرەکەی 266 هەزار کیلۆمەتری دووجایە، هاوسنووری جەزائیرە لە رۆژهەڵاتدا، مۆریتانیا لە رۆژئاوا و باشووریەتی، دەریای ئەتڵەسی و مەغریبیش سنوورەکانی دیکەی پێکدەهێنن. جیۆپۆلەتیکی هەرێمەکە پێگەیەکی ستراتیژیی گەورەی داوەتێ، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی بیابانی رۆژئاوا 393 هەزار کەسە بەپێی داتاکانی ساڵی 2008. نیوەی دانیشتووانی هەرێمەکە نیشتەجێی شاری 'عیون'ی پایتەختی هەرێمەکەن، کە گەورەترین شاری ناوچەکەیە.
پێکهاتەی کۆمەڵگەی بیابانی رۆژئاوا لە چەندین هۆزی جیاواز پێکهاتووە، لەوانەش: تیدرارین، کە لە مەغریبەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ. هەروەها رکیبات کە لە ئەدارسەی باکووری مەغریبەوە هاتوون. شێخ مائولعەینەین کە بەهەمانشێوە لە ئەدارسەوە هاتوون. تکنە کە چەند هۆزێکی بچووکتر لە خۆ دەگرن، ئەولاد دلیم، ئایات عومران و عەرووسەین.
ئەو هۆزانە چەندین پیشەی جیاواز و رۆڵی جیاوازیان هەیە، هەندێک لە هۆزەکان سەرقاڵی راوکردن و بازرگانین، هەروەها هەندێک هۆزی دیکە چەکدارن و لە دژی حکومەتی مەغریبی دەجەنگن، ئەمە جیا لەوەی هەندێکی دیکەیان بایەخ تەنیا بەکاروباری ئاینی دەدەن و دامەزرێنەری 'گۆشە ئاینییەکان'ن.
دانیشتووانی بیابانی رۆژئاوا لە بنەمادا ئەمازیگن، ئەوان گەورەترین نەتەوەی ئەفریقیان کە بەهۆی ئیسلامەوە بەعەرەبکراون، دانیشتووی رەسەنی باکووری ئەفریقیان، بەزمانی عەرەبی دەدوێن بەشێوەزاری حەسانییە، کە تێکەڵەی زمانەکانی عەرەبی و ئەمازیگییە، ئاینیان ئیسلامە و سوننەن.
سەرەتاکانی ناسیۆنالیزمی بیابانی
ساڵی 1884 بیابانی رۆژئاوا هاوشێوەی تەواوی خاکی مەغریب، کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئیسپانیاوە، دواتر ساڵی 1934 کرایە هەرێمێکی ئیسپانی.
لەگەڵ گەشانەوەی هەستی نەتەوایەتی، لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان و پاشەکشەی هێزە کۆڵۆنییەکان لە جیهاندا، ویستی سەربەخۆییخوازی لە هەرێمەکەدا بەخێرایی سەریهەڵدا. ئەوکات لە دەوڵەتانی وەک مەغریب، جەزائیر، تونس، میسر و سوودانیش بزووتنەوە سەربەخۆخوازەکان سەریانهەڵدا.
سەربەخۆییخوازەکان سەرەتا داوای پاشەکشەی یەکجاری هێزەکانی کۆڵۆنیی ئیسپانیایان لە ناوچەکەدا دەکرد، دانیشتووانی بیابانی رۆژئاوا پەنایان بردە بەر خەباتی چەکداریی پارتیزانی لە دژیان و لە پەنجاکان تاوەکو حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو جۆرە خەباتە لە هەرێمەکەدا بەردەوامبوو.
گرووپە سەربەخۆییخوازەکانی ئەوکات، گرووپی بچووک بچووک و پەرتبوون، بەڵام دواتر هەموو هێزەکانی هەرێمەکە خۆیان لە ژێر ناوی پۆلیساریۆدا یەکخست، Polisario بەواتای 'بەرەی میللی بۆ رزگارکردنی ساقیەی سوور و دۆڵی زێڕ'. ساقیەی سوور و دۆڵی زێڕ، دوو ناوچەی ناو هەرێمی بیابانی رۆژئاوان.
هێزە شەڕکەرەکانی پۆلیساریۆ لە رێگەی هێرشە بەردەوامەکانییانەوە، گوشاری زۆریان لەسەر هێزەکانی ئیسپانیا دروستکرد، شەقامی ناوخۆیی ئیسپانیاش گوشاری دەکرد بۆ پاشەکشەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمان داخوازیی هەبوو، هەموو ئەوانە وایانکرد حکومەتی ئیسپانیا بڕیاربدات لە ساڵی 1975دا هێزەکانی لە هەرێمەکە بکێشێتەوە، ئەو پاشەکشەیە وایکرد هەرێمەکە بکەوێتە ژێر دەستی حکومەتی مەغریب و ئەوە سەرەتای سووڕانی ناکۆکییەکان بوو لە نێوان پۆلیساریۆ و حکومەتی ئیسپانیاوە، بۆ نێوان پۆلیساریۆ و حکومەتی مەغریب.
دابەشکردنەوەی هەرێمەکە
لەسەروبەندی بڕیاری ئیسپانیادا بەپاشەکشە لە هەرێمەکە لە 1975، بابەتی بیابانی رۆژئاوا خرایە بەردەستی دادگای نێودەوڵەتی، ئەوکات دۆسێیەکە بەو شێوەیە بوو:
مەغریب دەیگوت 'هەرێمی بیابانی رۆژئاوا' بەشێکە لە خاکی وڵاتەکە هەر لە زووەوە، هەندێک بەڵگەنامەی خستە بەردەمی دادگاکە، کە دەیسەلمێنێت بیابانەکە و مۆریتانیاش خاکی مەغریبن و پێشتر هەموویان ناویان 'مەغریبی گەورە' بووە، بەڵام مۆریتانیا بەڵگەکانی خۆی خستە روو کە دەریدەخات بیابانی رۆژئاوا بەشێکە لە خاکی ئەو و دەیەوێت بەدەستیان بهێنێتەوە.
لایەنەکەی دیکەی ناکۆکییەکە، بەرەی پۆلیساریۆ بوو، ئەو نوێنەری گەلی بیابانی رۆژئاوا بوو، کە لە مێژەوە نیشتەجێی ناوچەکە بووە و لە دژی داگیرکاریی ئیسپانیا تێدەکۆشێت، پۆلیساریۆ رایگەیاند کە داوای سەربەخۆیی بیابانی رۆژئاوا دەکات و دەیەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت.
جەزائیر پشتگیری ویستی سەربەخۆخوازانی پۆلیساریۆی دەکرد، بەڵام ئیسپانیا دەیویست نیمچە سەربەخۆییەک بەهەرێمەکە بدات و دەوڵەتێکی سەر بە ئیسپانیا لە ناوچەکەدا دروست بکات.
دادگای نێودەوڵەتی، داخوازییەکانی هەموو لایەنەکانی رەتکردەوە و بڕیاریدا، چارەنووسی هەرێمەکە بەدەست دانیشتووانەکەیەوە دەبن و مافی چارەنووسیان هەیە.
لە تشرینی دووەمی 1975دا، هەریەکە لە ئیسپانیا، مەغریب و مۆریتانیا رێککەوتن و هەرێمەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد. مەغریب نیوەی خاکەکە و مۆریتانیا نیوە و ئیسپانیاش مافی 35 لەسەدی گەڕان بەدوای کانە فۆسفاتەکان و ئازادیی راوکردنی لە دەریاکانی هەرێمەکەدا پێدرا.
پۆلیساریۆ ئەو رێکەوتنەی رەتکردەوە، درێژەی بە پرۆسە و کردە سەربازییەکانی خۆیدا لە دژی هێزەکانی ئیسپانیا. لە شوباتی 1976دا بەپشتگیری جەزائیر دەوڵەتی سەربەخۆی لە هەرێمەکەدا راگەیاند، بەناوی 'کۆماری بیابانی عەرەبی دیموکرات'. پۆلیساریۆ لە تاراوگە حکومەتی خۆی دامەزراند. شاری تندۆف لە ئەوپەڕی باشووری رۆژهەڵاتی جەزائیر، بووە بارەگای سەرەکی حکومەتەکەی پۆلیساریۆ، ئەو شارە دە هەزار پەنابەر و چەکدارانی رێکخراوەکەی لە خۆ دەگرت.
تندۆف نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی مەغریبەوە دوورە، ئێستا 100 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.
جەنگ لە نێوان پۆلیساریۆ و هەردوو دەوڵەتی مەغریب و مۆریتانیادا هەڵایسا، بەڵام مۆریتانیا بەهۆی فشارەکانی سەری لە ناوخۆ و گۆڕانی دەسەڵاتی وڵاتەکە، لەو بەشەی خاکی هەرێمەکە کشایەوە کە لە 1979دا داگیریکردبوو، بڕیاربوو مۆریتانیا ئەو خاکە رادەستی هێزەکانی پۆلیساریۆ بکات، بەڵام مەغریب هێرشی کردە سەر ناوچەکە و تەواوی خاکی هەرێمەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
دواتر شەڕ لە نێوان هێزەکانی پۆلیساریۆ و حکومەتی مەغریبیدا درێژەی کێشا، جەزائیر لە پشتگیری پۆلیساریۆ بەردەوامبوو و بەتەواوی هاتە ناو جەنگەکەوە. هێزەکانی سوپای جەزائیر کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ هێزەکانی سوپای مەغریب. پاش گوشاری نێودەوڵەتی، جەزائیر دەستتێوەردانی راستەوخۆی خۆی لە جەنگەکە کێشایەوە، بەڵام پۆلیساریۆ لە شەڕکردن لەگەڵ مەغریب بەدرێژایی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بەردەوامبوو، تاوەکو ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە نێو ناکۆکییەکانەوە و ساڵی 1991 سەرپەرشتی ئاگربەستی نێوان هەردوولای کرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی نێردەی خۆی ناردە ناوچەکە بەناوی 'مینۆسۆر' واتە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێکخستنی گشتپرسی لە بیابانی رۆژئاوا.
ئەرکی نێردەکە چاودێری ئاگربەست و دەستبەکاربوون بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بوو لەسەر چارەنووسی هەرێمەکە، ئەوە مانای ئەوەبوو هەرێمەکە یان بەیەکجاری دەچێتە پاڵ مەغریب، یان سەربەخۆیی بەدەستدەهێنێت. ساڵی 1992 بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دیاریکرا، بەڵام ناکۆکی لە نێوان بەرەی پۆلیساریۆ و مەغریبدا سەریهەڵدا لەسەرئەوەی کێ مافی بەشداریکردن لە راپرسی هەیە، ئەمەش وایکرد ئەنجامدانی پرۆسەکە دوابکەوێت و نەکرێت.
پۆلیساریۆ پێیوابوو مەغریب سەدان هەزار کەسی لە وڵاتەکەیەوە هێناوە و لە هەرێمەکەدا نیشتەجێیکردوون بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەکە و داشکاندنەوەی زۆرینە بەلای ئەوانەدا کە مانەوەیان دەوێت لەگەڵ مەغریب. لەوێدا چارەسەری کێشەکان بەبنبەست گەیشتن، لەو کاتەوە تائێستا دۆخەکە بەو شێوەیە ماوەتەوە، هەرچەندە چەندین هەوڵی نێودەوڵەتی دراون بۆ چارەسەری کێشەکە. لە نێویاندا پلانی جەیمس بیکەر، وەزیری پێشووتری ئەمریکا، کە دەستپێشخەریی 'پلانی ئاشتیی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی بیابانی گەورەی پێشوو'ی خستەڕوو لە ساڵی 2000دا، بەڵام هیچ ئاکامێک بەدەستنەهاتووە تائێستا.
ئامارەکانی جەنگ
جەنگەکانی بیابانی رۆژئاوا لە دەرەوەی ئامارە فەرمییەکانە، ماوەی 16 ساڵە داتاکانی کوشتن لەو ناوچەیەدا شوێنبزرن، لە کاتێکدا دەیان جەنگی جیاواز لە نێوان پۆلیساریۆ و مەغریبدا روویانداوە.
لە ساڵی 1991ەوە، کە مێژووی ئاگربەستە لە هەرێمەکەدا، بەشێواز و رێگەی جیاواز جەنگەکەی نێوان هەردوولا بەردەوامە، لە هەر ساتێکدا بۆی هەیە ئاگربەست پێشێل بکرێت، هێزەکانی هەردوولا لە بەرامبەر یەکتریدان و پۆلیساریۆ چەندینجار هەڕەشەی شکاندنی ئاگربەستی راگەیاندووە. هەردوولا بە زمانی چەک قسە دەکەن و ئەو زمانەش وایکردووە جەنگی هەرێمەکە یەکێک بێت لە درێژترینی ناوچەکە.
لە 30ی ساڵی ململانێکانی نێوان هەردوولادا، 16 ساڵیان پێکدادانی قورسی هێزەکانی هەردوولایان بەخۆوە بینی، هێشتا مەغریبییەکان کار بۆ پیرۆزکردنی ئەو شەڕانەی هەرێمەکە دەکەن و چەندین شەقام و ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەیان بەناوی جەنگەکانەوە کردووە، وەک بیری ئینزران، حەوزە و فارسیە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن قوربانییەکانی ئەو شەڕە، ژمارەیان لە نێوان 10 تا 20 هەزار کەسدایە.
ئەو کانە دۆلارانەی مەغریب ناتوانێ دەستبەرداریان ببێت
لەوانەیە وابێتە بەرچاو کە مەغریب وەک دەوڵەت و دەسەڵات، شەڕێکی نەتەوەیی لەپێناو خاکێکدا دەکات کە بەهی خۆی دەزانێت. راستە لەناوخۆدا مەغریب ئەو بیرۆکەیە هەڵدەنێت، کە کێشەی بیابانی رۆژئاوا، کێشەی خاکێکی دابڕێنراوە لە سنوورەکانی، بەڵام لە بنچینەدا ئەوەی دەستی مەغریبی گرتووە لە دەستهەڵگرتن لە خاکی هەرێمەکە، ئەو سامانە سرووشتییە بێوێنانەیە کە لە ناوچەکەدا هەن. جیا لەوەش بۆ مەغریب، بیابانی رۆژئاوا، رێڕەوێکی ستراتیژی مەزنە.
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکی ساڵی 1974دا، بیابانی رۆژئاوای بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان ناساندووە، بەهۆی زۆری سەرچاوە سروشتیەکانی.
محەمەد بنحمۆ، لە سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەکانی مەغریب، پێیوایە وڵاتەکەی وەک رێڕەوی گەیشتن بەقووڵاتی ئەفریقیا تەماشای بیابانی رۆژئاوا دەکات، رێڕەوێک کە مەغریب دەگەیەنێتە سەر رۆژئاوای ئەفریقیا لەلایەک و دەوڵەتانی سەر کەناری کیشوەرەکە. لەلایەکی دیکەشەوە پێکەوەبەستنەوەی ئەفریقیا و ئەوروپا.
بنحمۆ ئاشکرایکردووە مەغریب پڕۆژەی وەبەرهێنانی یەکجار زۆری لە هەرێمەکەدا هەیە، لە نێویاندا گاز کە هێشتا هەڵکۆڵین بۆ دۆزینەوەی بڕی زیاتر بەردەوامە، ئەمە جیا لە بەرهەمهێنانی فۆسفاتێکی زۆر. ئەو ئاشکرایکردووە حکومەتی مەغریب و کۆمپانیا فرەرەگەزەکانیش لە پڕۆژەکاندا کاردەکەن و راویش خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێشانی داراییە لە هەرێمەکەدا.
شارەزا مەغریبییەکە ئەوەش دەخاتە روو کە حکومەتی مەغریب لە ماوەیەکی کەمدا بایی 8 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە بیابانی رۆژئاوادا کردووە، ئەمەش پێشکەوتنێکی پەڕجوو ئاسای خولقاندووە.
سامانی ماسی
ماڵپەری 'بیابانی' لەبارەی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمەکەوە، هەڵوەستەی لەسەر چەندین سەرچاوەی جیاواز کردووە، دووپاتیدەکاتەوە کە چەندین کۆمپانیای جیاواز بەتەنیا لە بواری بەرهەمهێنانی راوەماسیدا کاردەکەن و داهاتی ساڵانەیان دوو ملیار دۆلارە.
ئەو ماڵپەرە هەندێک داتای لەبارەی دەستکەوتەکانی مەغریبەوە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمەکەدا خستووەتە روو، لەوانەش ئەو ژمارەیەی کە سەنتەرێکی توێژینەوەی کۆریای باشوور ئاشکرایکردووە کە ملیارێک و 368 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە، کە بەهای مۆڵەتدانە بە کۆمپانیاکان لەبواری راوەماسیدا.
30 ملیۆن دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئۆمیگا 3، کە لە رۆنی ماسیی سەردین دەردەهێنرێت. رێکخراوی خۆراکی جیهانی لە راپۆرتێکی ساڵی 2017دا ئاشکرایکردووە مەغریب پلەی یەکەمی سەرئاستی ئەفریقیا و حەڤدەیەمی سەرئاستی هەموو جیهانی بەدەستەوەیە لە هەناردەکردنی ماسی و بەرهەمە دەریاییەکاندا.
هەمان راپۆرت دەڵێ مەغریب هەمان ریزبەندی جیهانیی لە هەناردەکردنی هەشت پێدا هەیە لەسەر ئاستی جیهان و لە پێش چینەوەیە.
وەزارەتی جووتیاری و راوی دەریایی مەغریب لە گفتوگۆیەکدا لەبارەی بودجەی وەزارەتەکەوە ئاشکرایکردووە مەغریب ساڵانە 800 ملیۆن یۆرۆی لە هەناردەکردنی ماسی سەردیندا چنگدەکەوێت، ئەمەش پڕکردنەوەی کۆی 40 لەسەدی داخوازیی بازاڕی جیهانییە، واتە نزیکەی 700 ملیۆن قوتوو لە ماسی ساردین لە ساڵێکدا. هەمان پیشەسازی ملیۆنیک و 300 هەزار هەلی کاری لە ناوچەکەدا دابینکردووە کە زۆرینەی زۆریان دراونەتە مەغریبییەکان و ئەوروپییە هاوپەیمانەکانیان.
فۆسفات و کانزاکانی دیکە
روانگەی نێودەوڵەتی سەرچاوە سرووشتییەکان ئاشکرایکردووە، داهاتی مەغریب ساڵانە لانیکەم 400 ملیۆن دۆلارە لە بەرهەمهێنانی فۆسفاتدا، بەڵام رۆژنامەی 'نۆرسێرن مینەر'ی ئەمریکی دەڵێ مەغریب یەکەم وڵاتی بەرهەمهێنانی فۆسفاتە لە جیهاندا و لە ماوەی شەش مانگدا، وەک رۆژنامەکە چاودێریی کردووە، ئەو وڵاتە 2،5 ملیار دۆلاری لە بەرهەمهێنانی فۆسفاتدا چنگکەوتووە
ماڵپەری 'بیابانی' روونیکردووەتەوە گەورەترین کانی دەرهێنانی فۆسفات لە مەغریبدا کانی بوکراعە کە 100 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری عیونە، یەدەگی فۆسفات لەو کانەدا نزیکەی 2 ملیار تۆنە و کۆی فۆسفاتی ژێر زەوی لە بیابانی رۆژئاوادا، زیاتر لە 60 ملیار تۆنە.
خوێ بەرهەمێکی دیکەی بەهەڕمێنی هەرێمەیەکە، ساڵانە لە کەناراوەکانی ئەو هەرێمەدا 4،5 ملیۆن تۆن خوێ بەرهەمدەهێنرێت، داهاتەکەی نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە. مەغریب خۆڵی کەناراوەکانیش دەفرۆشێتەوە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن تۆنی خۆڵی ناوچەکە، بڕی 100 هەزار دۆلار بە مەغریب دەبەخشن.
هەندێک سەرچاوەی مەغریبی ئاماژە بەوەدەکەن کە بیابانی رۆژئاوا خاوەنی خاکێکی بەپیتە بۆ کشتوکاڵ، حکومەتی مەغریب 11 کێڵگەی تایبەت بەبەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە نزیک شاری داخلە دروستکردووە و ساڵانە 100 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لێوە بەرهەمدەهێنێت کە هەمووی هەناردە دەکات.
پێشێلکارییەکانی مەغریب بەرامبەر بیاباننشینەکان
ئەو جەنگە سەربازییە لەپێناو ئابوورییەدا کە مەغریب لە بیابانی رۆژئاوا ئەنجامیدەدات، بێگومان هاوتای سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی دانیشتووانی هەرێمەکە و ئەو دەنگانەیە کە لە ناوخۆی ناوچەکانی هەرێمەکەدا، لە دژی ژێردەستەیی و هەبوونی مەغریب لە وڵاتەکەدا بەرز دەبنەوە.
رێکخراوی 'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ'ی نێودەوڵەتی بەردەوام راپۆرتەکانی خۆی لەسەر دۆخی پێشێلکاری و مافەکانی مرۆڤ لە بیابانی رۆژئاوادا بڵاودەکاتەوە، رێکخراوەکە لە ماڵپەری فەرمیی خۆیدا، بەشێکی بۆ ئەو هەرێمە تەرخانکردووە کە دەیان راپۆرتی جیاوازی ساڵانی رابردووی لەسەر شێوازە جیاوازەکانی پێشێلکارییەکان، تێدایە.
ئەو رێکخراوە لە راپۆرتێکی 16ی نیسانی 2019دا، باس لە سەپاندنی کۆتوبەندی بەزۆر دەکات لەسەر ئازادییەکانی رادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە و پێکهێنانی رێکخراوەکان لە بیابانی رۆژئاوا، بەتایبەت لەسەر ئەو کەسانەی 'پشتگیری لە دیاریکردنی چارەنووسی هەرێمی بیابانی رۆژئاوا' دەکەن.
رێکخراوەکە باس لە بڵاوەپێکردنی ناڕازییان دەکات لە سێ ماوەی جیاوازی نێوان 2018 و 2019 لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی مەغریبەوە، بەتایبەت بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەیەکی داخواز بۆ رێزگرتن لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی بیابان و بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی مەغریب لە دەستبەسەرکردنی محەممەد دیحانی، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی 'بەند 6'.
'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ' لە راپۆرتەکەدا باس لە چاودێری تووندی چالاکڤانان دەکات، لەگەڵ ترساندن و لێپێچینەوە و گرتن و چاودێری تووندی داخوازانی مافی بیاباننشینەکان لەلایەن مەغریبەوە.
لە هەمان راپۆرتدا، ئانتۆنیۆ گۆتیرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە بەردەوامبوونی گەیشتنی سکاڵاکان بە کۆمیسیۆنی مافەکامی مرۆڤی یوئێن کردووە کە دووپات لە کەوتنەوەی بریندار و گرتن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەل و چاودێری تووندی رۆژنامەڤانان و بلۆگگەران و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا دەکەن.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە باس لەوەشدەکات کە دەسەڵاتدارانی مەغریب، رێگری دەکەن لە چوونی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناوچەکانی بیابانی رۆژئاوا تا لێکۆڵینەوە لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ بکەن. رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە لە ماوەی شەش مانگی بەر لە راپۆرتەکەیدا، مەغریبییەکان لانیکەم 21 چاودێری مافەکانی مرۆڤیان لە وڵاتەکە دەرکردووە. ئەمە جیا لە چەندان پارێزەر و مافخوازی دیکەی بیانی کە لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە بەبیانووی جیاوازەوە، رێگەی چوونە ناو مەغریبیان لێگیراوە لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، زانیوویانە ئەو کەسانە بۆ لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکانی تایبەت بەمافی گەلی بیابانی رۆژئاوا، روویان لە وڵاتەکە کردووە.
rudaw -
