وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا بناسە

وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا بناسە
ئەنتۆنی بلینکن، لە لایەن جۆ بایدن و هاریسی جێگری، کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای کۆتایی هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

بلینکن لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما، جێگری وەزیری دەرەوە بووە و پلەیەکی بەرزی لە ریزی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا هەیە.

هەروەها پێشتر، لە کۆشکی سپی و لە وەزارەتی دەرەوەی، بەرپرسی بەشی سیاسەتی دەرەوە بووە و شارەزایی و ئەزموونی زۆری لە پەیوەندی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەیە.

رۆڵی هەبووە لە جەنگ و دروستکردنی هاوپەیمانی دژ بە داعش و کاری بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەنابەران کردووە. هەروەها بە گشتی کاری لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئاسیا کردووە.

کاتێک جۆ بایدن بووە جێگری باراک ئۆباما، بلینکنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی خۆی هەڵبژارد، ئەمەش جیا لەوەی چەند پۆست و پلەی جیاوازی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەبووە.

لە مانگی 12ـی ساڵی 2016، بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا، لەگەڵ مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا کۆبووەوە و ئەوکات بەڵێنی هاوکاری زیاتری بە هەرێمی کوردستان دا و هەردوولا لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان گەلی ئەمەریکا و کورد، گفتوگۆیان کرد.
k24 -
Top