بایدن بەربژێری وەزارەتی دەرەوە و باڵوێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری دەکات
بلینکن تەمەن 58 ساڵ و یەکێک بووە لە ڕاوێژکارەکانی بایدن لە بواری سیاسەتی دەرەوە، بەرپرسی دووەمیش بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما، کە بایدن ئەوکات جێگری سەرۆک بووە.
بەگوێرەی هەریەکە لە رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) و ئاژانسی (بلومبێرگ)، بایدن دەیەوێ سبەی سێشەمە بلینکن بۆ وەزارەتی دەرەوە دیاری بکات.
هاوکات میدیاکانی ئەمریکا لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە "جۆ بایدن"وە ئاشکرایان کردووە، پێشبینی دەکرێت بایدن، بۆ باڵوێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیندا تۆماس جرینفیلد دەشتنیشان بکات.
پێگەی ئەلیکترۆنی (ئاکسیۆس) لەمبارەوە روونی کردووەتەوە، دامەزراندنی لیندا تۆماس جرینفیلد (ئافرەتێکی رەشپێستە و لە سەردەمی باراک ئۆباما پۆستی دیپلۆماسیی بەرزی هەبووە) وەک باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ بەرزکردنەوەی ورە و بەجێهێنانی ئەو بەڵێنانەشە، کە بایدن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی هەمەجۆر بە خەڵکی دابوو.
تۆماس جرینفیلد لە سەردەمی باراک ئۆباما لە (2013 تا 2017)، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری ئەفریقیا، کاتێک کە ڤایرۆسی ئیبۆلا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە باشووری ئەفریقیا بڵاو ببووەوە سەرۆکایەتیی سیاسەتی ئەمریکای کردووە بەرامبەر بە ئەفریقیا.
باسنيوز
