سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا دادگایی دەکرێت
سەرکۆماری پێشووتری فەرەنسا بەتۆمەتی وەرگرتنی پارە و پێدانی بەرتیل، دادگایی دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2020، نیکۆڵاس سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا (2007-2012)، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
نیکۆڵاس سارکۆزی ( تەمەن 65 ساڵ) بە تۆمەتەکانی وەرگرتنی پارە لە حکوومەتی لیبیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، هەوڵدان بۆ پێدانی بەرتیل بە جێلبێرت ئەزیبێرتی دادوەر بۆ پەردەپۆشکردنی تۆمەتی یەکەم و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی، دادگایی دەکرێت.
لێکۆڵەران لە ساڵی 2013ـەوە چاودێریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی سارکۆزی و تیری هێرتزوجی پارێزەرەکەی دەکەن و ئەویش هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
جگە لە سارکۆزی، جێلبێرت ئەزیبێرت و تیری هێرتزوج بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، دادگایی دەکرێن و ئەگەر تۆمەتەکانیان بەسەردا بسەپێت، ئەوا تا 10 ساڵ زیندانی دەکرێ و پێبژاردنیشیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
باسنیوز
