ئه‌مه‌ریكا به‌فه‌رمی له رێكه‌وتنێكی ته‌مه‌ن 28 ساڵی كشایه‌وه
كۆشكی سپی رایگه‌یاند، ویلایه‌ته ئه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمی له رێكه‌وتنی "ئاسمانی كراوه" كشایه‌وه، كه له ساڵی 1992 واژوو كرابوو.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، 6 مانگ به‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی داواكاری وڵاته‌كه‌یان بۆ كشانه‌وه له‌و رێكه‌وتنه تێپه‌ڕیوه و نووسیویه‌تی: "چیتر ئێمه لایه‌نێكی ئه‌و په‌یماننامه‌یه نابین، كه به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ له‌لایه‌ن رووسیاوه پێشێل كراوه".
رۆبێرت ئۆبراین، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له كۆشكی سپی گوتی: سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له رێبازه دادپه‌روه‌رانه‌ییه‌كه‌ی پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه، به "پێدانی پێگه‌ی یه‌كه‌م به ئه‌مه‌ریكا به كشانه‌وه‌ی له‌و رێكه‌وتن و په‌یماننامه كۆنانه‌ی كه هه‌میشه له‌سه‌ر حیسابی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا سوودی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یاران و به‌رهه‌ڵستكارانی ئێمه هه‌بووه".
رێكه‌وتنی "ئاسمانی كراوه" زیاتر له 30 وڵات له‌خۆ ده‌گرێت، رێگه به فڕۆكه‌كانی چاودێری بێچه‌ك ده‌دات له ئاسمانی وڵاتانی ئه‌ندام بخولێنه‌وه، به‌و ئامانجه‌ی تێگه‌یشتن و متمانه‌ی ئاڵوگۆڕكراو له نێوانیان به‌هێز بێت، ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی رێگه‌پێدان به هه‌موو لایه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هێزه سه‌ربازییه‌كان و ئه‌و چالاكیانه‌ی كه جێگای بایه‌خیانن.
رێكه‌وتنی ئاسمانی كراوه سێیه‌م رێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تییه له بواری چاودێریكردن له‌سه‌ر چه‌ك، ئێستا ئیداره‌ی تره‌مپ كشانه‌وه‌ی خۆی له‌و رێكه‌وتنه راگه‌یاند و پێشتریش له ساڵی 2018 تره‌مپ كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند، دواتریش ساڵی رابردوو له په‌یماننامه‌ی نه‌هێشتنی مووشه‌كی مامناوه‌ند و كورتمه‌ودا كشایه‌وه، كه له ساڵی 1987 له‌گه‌ڵ مۆسكۆ واژوویكردبوو، هه‌روه‌ك خه‌ریكه رێكه‌وتنی "ستارتی نوێ و ئاسایشی ئه‌تۆمی جیهان"ـیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، كه له 8ی نیسانی ساڵی 2010 له نێوان هه‌ریه‌ك له باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا و دیمیتری میدڤیدیڤ، هاوتا رووسییه‌كه‌ی له پراگی پایته‌ختی چیك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كڵاوه مووشه‌كییه‌كان و مووشه‌كه بالیستییه‌كانی وڵاتان به رێژه‌ی 30% واژووكرابوو، هه‌رچه‌ند ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ئێستای رووسیا داوایكردووه ئه‌و رێكه‌وتنه بۆ ماوه‌ی ساڵێك درێژ بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یی خۆی بۆ كشانه‌وه له‌و رێكه‌وتنه‌ش ده‌ربڕیوه.
k24 -
