پێوەندیی نێوان توركیا و سعوودیە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت
دوای رووداوی کوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعوودی كە لەناو کونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبۆڵ كوژرا و توركیاش حكوومەتی سعوودیەی بە كوشتنی تۆمەتبار كرد، ئیدی پەیوەندیی نێوان توركیا و سعوودیە تێك چوو، تەنانەت سعوودیە بایكۆتی كاڵای توركیشی كردبوو.
بەڵام دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ئەردۆغان، هەردوولا بڕیاریان داوە كە لیژنەیەك پێك بهێنن بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانیان، بە تایبەت لەبارەی لیبیا، چونكە سعوودیە و میسر بە ئاشكرا پشتگیرییان لە خەلیفە حەفتەر كردووە و توركیاش لە سەراج، بۆیە ئەم ناكۆكییەی سعوودیە و توركیا تۆختر بووەوە و بەرەی شەڕیان لە لیبیا لە یەكتری گرتبوو.
بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، سعوودیە بە فەرمی توركیای ئاگادار كردبووەوە لە دۆسیەی خاشقچی و پێی راگەیاندبوو كاتێك محەممەد بن سەلمان بە كوشتنی تۆمەتبار دەكەن، ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێت كە پێگەی بن سەلمان لە دونیا بێبایەخ دەكەن، بۆیە باجەكەی قورسە، بەڵام توركیا گوێی پێ نەداوە.
چەند میدیایەكی توركیا باس لەوە دەكەن، ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان توركیا و سعوودیە هەروا ئاسان نییە بە تەلەفۆنێكی ئەردۆغان هەموو شتێك لەبیر بكرێت، بەتایبەت لە دۆسیەی سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵام رەنگە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە كردنەوەی دەرگایەك بێت بۆ گفتوگۆ و لە یەكتری نزیكبووونەوە.
باسنیوز
