بەشێک لە ئێزدییەکانی ئەوروپا لە شێوازی هەڵبژاردنی بابەشێخ ناڕازین

بەشێک لە ئێزدییەکانی ئەوروپا لە شێوازی هەڵبژاردنی بابەشێخ ناڕازین
لە ئەڵمانیا لە بنکەی لالشی شاری بیلەفێلد کوردانی ئێزدیی رۆژائاوا و باکوور و باشووری کوردستان کۆبوونەوتەوە و باسی بابەشێخی نوێی ئێزیدییان دەکەن.

ئەوان دڵخۆشن کە جێگرەوەی بابەشێخ دەستنیشان کراوە. لەنێو ئەوانیشدا رای جیاواز لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردنی بابەشێخ هەیە.

نزیکەی 220 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین. داوود خەڵکی شنگالە و چوار ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و داوای تەبایی لە کوردانی ئێزدی دەکات.

داوود شنگالی، کوردێکی ئێزدیی نیشتەجێیی ئەڵمانیایە و دەڵێت، "بە بۆنەی دەستنیشانکردنی بابەشێخەوە پیرۆزبایی لە کوردستان دەکەم. ئەو ناڕازیبوونە دەبینم. ئەوە شتێکی کارگێڕییە کە هەندێک کەس بانگهێشت نەکراون یان نەچوون و کێشە دروست بووە. من باوەڕ ناکەم ئەو کێشەیە گەورە بێت. خەڵکی ئێمە لەوە گەورەترن بهێڵن نەیار بکەونە ناویانەوە."

بیانووی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی بابەشێخ ناڕازیین، بانگهێشتنەکردن و راوێژپێنەکردنیانە لەلایەن ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدییەوە.

سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوونەی ئێزیدیانی سووریا راگەیاند، "بە گوێرەی دابونەریتی ئێزدیاتی دەستنیشانکردنی بابەشێخ بە دەستی ئەنجوومەنی رووحانی و میرە. ئەگەر ئێستا خەڵکی شنگال یان سەرۆکهۆز و کەسی رۆشنبیر و نووسەر لای خۆیانەوە بڵێن کە بۆچی ئێمە بانگ نەکراوین و بۆچوونمان وەرنەگیراوە یان ئەگەر ئێزدییەکانی رۆژئاوا، باکوور و سۆڤیێتی پێشو وا بڵێن، ئەوە دەتوانن بڵێن دان بەو ئەنجوومەنەدا نانێین، چوونکە بۆچوونی ئێمە وەرناگرێت."

نەسرەتین ئاکای، سەرۆکی رێکخراوی چڤاکی ئێزدیانی ئەوروپایە و دەڵێت، "بابەشێخی ئێمە هەڵبژێردراوە. دەبێت ئێمە پاڵپشت بین. دەبێت خەڵکی ئێزدیی ئێمە کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن و ببنە پشتیوانی بابەشێخ بۆ ئەوەی پاشەڕۆژمان گەشتر بکەین."

بەشێک لە کوردانی ئێزدی نیگەران بوون لە شێوازی دەستنیشانکردنی بابەشێخ. وەیسی تەکۆ خەڵکی باکووری کوردستانە و زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی. ئەو داوا دەکات کە گۆرانکاڕی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی رووحانیدا بکرێت.

وەیسی تەکۆ، کوردێکی ئێزدییە و دەڵێت، "دەبوو تەواوی ئێزدییەکان لەو هەڵبژاردنەدا بەشداربوونایە. ئەوە کەمایەسییەکی زۆر گەورەیە. ئەنجوومەی رووحانی کەمایەسیی تێدایە. ئەنجوومەنی رووحانی لە ئێزدییەکانی تورکیا، سووریا، رووسیا و ئەورووپای تێدا نییە. دەبوو لە ئەنجوومەنەکەدا هەبن و ئەوانیش دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن."

کوردانی ئێزدی نزیکەی ملیۆنێک کەسن. بەهۆی شەڕی داعشەوە ژمارەیەکی زۆریان روویان لە ئەوروپا کردووە. ئەوانە دەڵێن ئێستا دۆخی شنگال و کوردانی ئێزدی زۆر خراپە و پێویستە لەم دۆخەدا پشگیریی بابەشێخ بکرێت.
rudaw -
Top