وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا بژاردەیەکە
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە دەستی تورکیادایە چ بڕیارێک دەدات پێش ئەوەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا مانگی داهاتوو کۆببێتەوە، دەڵێت "لە رابردوودا سەپاندنی سزاکان یەكێکبووە لە بژاردەکان. ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندییەکانی تورکیادا روونەدات، پێشبینی دەکەم ئەو بژاردەیە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە مانگی کانوونی یەکەمدا رۆلی خۆی ببینێت".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئەنقەرە بەردەوامبێت لەو کارانەی کە لە رابردوودا کردوونی کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی وڵاتانی ئەوروپی، ئەوا پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەكێتییەکە ئاڵۆز دەبێت.
بە گوتەی هایکۆ ماس، تورکیا کۆمەڵێک رێگەی لەبەردەمدان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەریەکە لە یۆنان و قوبرس ناکۆکییان لەگەڵ تورکیادا هەیە لەسەر گەڕانی ئەنقەرە بەدوای نەوت و گازدا لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە ئەسینا و قوبرس بە سنووری خۆیانی دەزانن.
هەروەها فەرەنسا لەسەر گەمارۆی چەکی لیبیا ناکۆکیی لەگەڵ تورکیا هەیە و بە پێشێلکردنی گەمارۆکە تۆمەتباری دەکات.
ئەمەش جگە لەوەی کە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کۆچبەران بە چارەسەرنەکراوی لەنێوان ئەنقەرە و برۆکسلدا ماونەتەوە.
rudaw -
