ترەمپ تاوتوێی لێدانی گورزێکی سەربازی لە ئێران کردووە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ بەم دواییانە سەبارەت بە لێدانی گورزێکی سەربازیی لە ئێران، پرسوڕای بە بەرپرسانی ئیدارەکەی کردووە، بەڵام بەرپرسە نزیکەکانی بڕوایان پێ هێناوە ئەم کارە نەکات.
بە گوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئیدارەی ئەمەریکا، ترەمپ رۆژی پێنجشەمەی رابردوو 12ی تشرینی دووەمی 2020، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی کۆشکی سپی کردووە و خواستی خۆی بۆ لێدانی گورزێکی سەربازی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانی لە نەتنز، لە چەند هەفتەی داهاتوو دەربڕیوە.
بەرپرسەکان ئاماژە بۆ ئەوە ئەکەن، ئەم قسەوباسە لەدوای ئەوە هات، کە پشکێنەرانی نێودەوڵەتی گوتیان، بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە لایەن ئێران زیادی کردووە.
بەرپرسە باڵاکان ترەمپیان لە دەرئەنجامەکانی ئەو هەنگاوە ئاگادار کردووەتەوە.
هەریەکە لە مایک پێنس، جێگری سەرۆک و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و کریستۆفەر میلەر کاربەڕێکەری وەزارتی بەرگری و مارک میلی سەرۆکی ئەرکان ئامادەی کۆبووەکە بوون.
دوای ئەوەی هەریەکە لە پۆمپیۆ و میلی تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان دەربڕیوە، کۆبوونەوەکە بڕیاری داوە وەشاندنی ئەو گورزە مووشەکییە لە خشتەی کارەکانیان دەربكەن.
سەرچاوەکانی رۆژنامەکە نایشارنەوە، هێشتا ترەمپ تاوتوێی بەرپەرچدانەوەیەک دەکا بەرامبەر بە زیادکردنی بڕی یۆرانیۆم لە ئێران و بە ئامانجگرتنی خۆی و هاوپەیمانەکانی، لەناویشیاندا گرووپە هاوپەیمانەکانی تاران لە عێراق.
باسنيوز
