چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ فەرمانی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات

چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ فەرمانی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کەمکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان دەربکات و پێش 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بەشێکی ئەو هێزانە لەو دوو وڵاتە بکشێنەوە.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی باڵای ئاگادار لە کەیسەکە زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە. دەڵێت، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تێبینی داوەتە فەرماندە سەربازییەکان کە وەک "فەرمانی ئاگادارکردنەوە" ناسراوە بۆ ئەوەی دەست بکەن بە کەمکردنەوەی سەربازەکانیان بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز لە هەر وڵاتێکیان.

ئەمریکا نزیکەی چوار هەزار و 500 سەربازی لە ئەفغانستان هەیە و لە عێراقیش سێ هەزار سەربازی هەیە. تاوەکو ئێستا پێنتاگۆن و کۆشکی سپیش هیچ روونکردنەوە و لێدوانێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، کریستۆفەر میلەر کە لەلایەن ترەمپەوە لە شوێنی مارک ئێسپەر وەک وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت دانراوە، لە نامەیەکیدا بۆ سەرجەم بەرپرس و کارمەندانی نێو وەزارەتی بەرگری - پێنتاگۆن، نیازی وڵاتەکەی بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستەڕوو و دەڵێت "کاتی هاتووە بگەڕێینەوە وڵات".

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی بەرگری کە بە لەکارلادانی مارک ئێسپەر تەواوبوو، بەشێک لە دۆست و پاڵپشتیکارانی ترەمپی خستووەتە سەر کار لە وەزارەتەکە، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، لەوانەیە لەکاردوورخستنەوەی ئێسپەر پەیوەندیی بە رازینەبوونی تیمەکەی ئێسپەرەوە هەبووبێت بۆ کشانەوەی پێشوەختە لە ئەفغانستان لەکاتێکدا کە بەتەواوی گونجاو نەبێت بۆ کشانەوە.

دوای دوورخستنەوەی ئێسپەر، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کریستۆفەر میلەر "کاری مەزن دەکات!"

هەرچەندە میلەر لە نامەکەیدا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کردبوو، بەڵام هیچ کاتێكی دیاریکراوی بۆ ئەو پرۆسەیە باس نەکردبوو، بەشێک لە شرۆڤەکارانیش ئەو نامەیەیان وەک ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان تەماشا کرد.

پێشتریش لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە 29ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا بڕیاریداوە ژمارەی هێزەکانی لەو وڵاتە بە رێژەی دوو لەسەر سێ کەمبکاتەوە و ئەو کاتە ترەمپ لە تویتەر نووسیبووی، "نیازمان هەیە تاوەکو 25-12-2020 سەربازەکانمان لە ئەفغانستان بگەڕێنینەوە وڵات".
rudaw -
Top