وەزیری دەرەوەی سووریا کۆچی دوایی کرد
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی سووریا، شەوی ڕابردوو وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و جێگری سەرۆکوەزیرانی سوویار لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
لەمبارەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی١١ی٢٠٢٠ تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریە ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی فەرمیی ئەو وڵاتە هۆکاری مەرگی وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سووریایان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕەوشی تەندروستیی بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە جێگیر نەبووە.
وەلید موعەلیم یەکێک لە دیپۆلۆماتە دێرینەکانی سووریا و حزبی بەعسی ئەو وڵاتەیە و لە ساڵی ٢٠٠٦وە پۆستی وەزیری دەرەوەی لە ئەستۆ بووە و بە یەکێک لە لایەنگرە پێداگرەکانی بەشار ئەسەد دەهاتە ئەژمار و پاش شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و لە ساڵی ٢٠١٢وە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی سووریاش بووە.
باسنيوز
