ئەمریکا کوژرانی پێنج سەربازی خۆی لە میسر راگەیاند
لە میسر لە ئەنجامی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکی هێزە هاوپەیمانە ئاشتیپارێزەکان لە بیابانی سینا، حەوت ئەندامی ئەو هێزە گیانیان لەدەستدا کە پێنجیان ئەمریکی، یەکێکیان فەرەنسی و ئەوی دیکەشیان چیکی بوو.
براد لینچ، ئەندامی باڵای ئەو هێزە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆئەوەی هۆکاری رووداوەکە بزانن.
بنکەی سەرەکی هاوپەیمانیی هێزە فرەنەتەوەییەکان و چاودێرەکان، کە بە هێزی ئاشتیپارێز ناسراوە، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیایە و لە ساڵی 1979وە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئیسرائیلی - میسری بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی رێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان دامەزراوە؛ کە لە هەمان ساڵدا واژۆکرا. هاوپەیمانییەکەش سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.
هێزەکە نزیکەی هەزار و 150 ئەندامی هەیە لە 13 وڵاتەوە، لەنێویاندا 450 ئەمریکی هەیە.
ساڵی 2016 دوای زنجیرەیەک لە هێرشی چەکداری، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی بۆ شوێنی سەلامەتتر گواستەوە و لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای وەکو کامێرەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکرد.
rudw -
