٥٨ پەرلەمانتاری هەدەپە مەترسیی هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەرە

٥٨ پەرلەمانتاری هەدەپە مەترسیی هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەرە


لەگەڵ دەسپێكردنی ٢٧ەمین خولی پەرلەمانی توركیا، هەزار و ١٠١٠ دۆسیە لەسەر تەواوی ئەندام پەرلەمانەكان ئامادە كراوە بۆ سزادان، بەڵام لەو رێژەیە ٨٣٨ دۆسیە لەسەر ٥٨ ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) هەیە، كە داوا دەكەن پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و دادگایی بكرێن.

بە گوێرەی بەدواداچوونێكی بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) دۆسیەی هەریەك لە (ئەیهان بیلگەن سەرۆك شارەوانیی (قارس)، سەلجووق میزراك سەرۆک شارەوانیی (ئامەد) و بەدیعە ئۆزگۆكچە سەرۆک شارەوانیی (وان) هەروەها لەیلا گوڤەن ئەندام پەرلەمان و مووسا فارسئۆغلۆ ئەندام پەرلەمان، دۆسیەكەیان رەت كرایەوە، بەڵام جگە لەوان دۆسیەی ٥٨ ئەندام پەرلەمانی تری هەدەپە رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە تا پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت.

تەنیا ئەو دۆسیانەی لەسەر پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە ئامادە كراون، گەیشتوونەتە ٩١ دۆسیە، بەڵام نەتوانراوە پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، وەك هەمیشە پەرلەمانتارانی هەدەپە رێكۆردیان شكاندووە لەوەی زۆرترین دۆسیە لەسەریان ئامادە دەكرێت و سزا دەدرێن.

رەمزییە (تۆسوون) چالاكوانی مافی ئافرەتان لە ئامەد و ئەندام پەرلەمانی هەدەپە، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت ئەندام پەرلەمانەكانی هەدەپە هەر قسەیەكیان كردبێت، ئەوان دۆسیەیەكیان لەسەر ئامادە كردوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە: "٤٤ دۆسیە لەناو پەرلەمان تەنیا لەسەر من ئامادە كراوە، دەنگۆی ئەوەشیان بڵاو كردبووەوە كە رام كردووە، بەڵام پێتان دەڵێم لێرەم و لەناو خەڵكەكەی خۆمم".









باسنيوز
Top