جەیمس جێفری، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دڵنیایی دەدات

جەیمس جێفری، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دڵنیایی دەدات

نوێنەری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا زیاترە لەوەی لە راگەیەنراوە و لەئێستادا واشنتن پلانی کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتەدا نیە.

جەیمس جێفری، نوێنەری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا بە ماڵپەڕی (DEFENCE ONE)ـی تایبەت بە کاروباری سەربازی و ئاسایشی راگەیاندوە، ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمریکا لە بنکەکانی سوریا جێگیربون و ژمارەی هێزەکانیشیان لەو 200 سەربازە زیاترە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر مانەوەیان دەربڕیوە.

ئەمریکا هیچ پلانێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا نیە

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمریکا هیچ پلانێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا نیە و تیمەکەی لەو ڕوەوە پێشنیازەکانی خۆی داوە بە ئیدارەی کۆشکی سپی، هەروەها داوا لە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکەن هەمان سیاسەتی ترەمپ لە دۆسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویاندا دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بگرێتەبەر.

جۆیل ریبۆرن وەک نوێنەری نوێی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا دیاریکراوە

9ـی ئەما مانگە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، جۆیل ریبۆرن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وڵاتی سوریا و یەکێک لە کارمەندە باڵاکانی وەزارەتی دەرەوە وەک نوێنەری نوێی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا دیاریکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سزا سەپێنراوەکانی سەر رژێمەکەی بەشار ئەسەد بەگوێرەی یاسای قەیسەر بەردەوام دەبن، ئەوەش بەئامانجی فشارخستنەسەر ئەسەد بۆ گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکان و ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاشتی لە وڵاتەکەیدا، دوای تێپەڕبونی نزیکەی 10 ساڵ بەسەر شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.






خەندان
Top