بایدن یەکەم بەرپرسی بۆ کۆشکی سپی دەستنیشان کرد
جۆ بایدن، دوای ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و سەرکەوتنی، رۆن کلین، راوێژکار و یاریدەدەری خۆی وەک گەورە بەرپرسی کۆشکی سپی و سەرۆکی فەرمانبەران دەستنیشان کرد.
بایدن لە راگەیاندنێکدا گوتی، کاتێک ئەو جێگری سەرۆک باراما بووە، کلین (تەمەن 59 ساڵ)، گەورە بەرپرسیاری فەرمانبەرانی بووە و گوتیشی: "من و ئەو چەندین ساڵەی بەیەکەوە کارمان کردووە، رۆژگارێکن کە هەرگیز نرخیان تەواو نابێت".
گوتیشی: “ئەو شارەزاییە هەمەچەشنە و توانای کارکردنی کلین لەگەڵ تێکڕای لایەنە سیاسییەکان، وام لێ دەکات وەک گەورە بەرپرسی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی دیاریی بکەم، لەکاتێکدا دەمانەوێ رووبەڕووی تەنگژەکان ببینەوە و وڵات یەک بخەینەوە".
کلین یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی بایدن، کە لە ساڵی 1989وە کاری لەگەڵ دەکات، ئەوکاتەی ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بوو.
کلین، سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا، رەخنەی توندی لە ترەمپ گرت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ببێ بە یەکێک لەو کەسایەتییە سەرەکییانەی تیمی بایدن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەی تەندروستی.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پەنای بردووەتە بەر پسپۆرانی دارایی و بازرگانی لە گرووپەکەیدا، کە ئەندامەکانی لە هاوڕێ دیموکراتەکانی و کەسایەتییە چالاکە پێشکەوتنخوازەکان پێک دێت، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر ئەو مشتومڕانە دەبێت لەناو حزبەکەیان، سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا. لە هەمانکاتدا بایدن پەنا ئەباتە بەر ئەو کەسانەی لە سەردەمی ئۆباما بنەماکانی ژینگەییان دادەڕشتووە.
لە لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، دوای دەستلەکار کێشانەوەی مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری، لایەنگرانی خۆی لە پۆستە باڵاکانی ئەو وەزارەتە داناوە، ئەمەش رێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی، بە ئاسانی هێز بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانە بەکار بێنێت، کە ئەگەری روودانیان لەناوخۆی وڵاتدا هەیە.
باسنیوز
