لە رۆژی سینگڵدا عەلی بابا بە بەهای 56 ملیار دۆلار کاڵای فرۆشتووە
کۆمپانیای عەلی بابا رایگەیاندووە، لە رۆژی سینگڵدا کە دەکاتە 11ی تشرینی دووەم، کۆمپانیاکەیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە (بەشێوەی ئۆنلاین) بە بەهای 56 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەکی فرۆشتووە، کە ئەمەش ریکۆردێکی دیکەی کۆمپانیاکەیە لە ماوەی یەک رۆژدا.
پێشووتر بەرزترین ئاستی فرۆش لە رۆژێکدا لەو بازاڕە ئۆنلاینە 38 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، کە لە ساڵی 2019 تۆمارکرابوو.
کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە، لە رۆژی سینگڵدا 16 ملیۆن کاڵای لەڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانی عەلی بابا و عەلی ئێکسپرێسەوە فرۆشراون.
وەکو کۆمپانیای عەلی بابا رایگەیاندووە، لە یەک چرکەدا 583 هەزار ئۆردەری (داواکاریی) بۆ چووە، زیاتر لە دوو ملیۆن بەرهەمی نوێش فرۆشراون کە بۆ یەکەمجار لە کەناڵەکانی عەلی باباوە داواکراون.
بەم پێیەش بێت، فرۆشیارانی عەلی بابا 16 هێندەی فرۆشیارانی ئەمازۆنی رکابەری بووە.
لیو بو، جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە دەڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە زۆربەی چینییەکان لە ماڵەوە دەمێننەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر فرۆشتنی ئۆنلاین هەبووە، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش بە هەمان شێوە و بە هەمان هۆکار خەڵک زیاتر لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داوای کاڵا و شتومەکیان کردووە بکەن.
رۆژی 11ی تشرینی دووەم وەکو رۆژی سینگڵ لە وڵاتی چین بە پشوویەکی نافەرمی دیاریکراوە، ئەو رۆژە کراوە بە وەرزی بازاڕکردن و ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ رەگەزی بەرامبەریان نییە ئاهەنگ دەگێڕن.
rudaw -
