دوای یەک هەفتە ئەردۆغان پیرۆزبایی لە جۆ بایدن کرد
دوای یەك هەفتە لە بڵاوكردنەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان توانی سەركەوتن بەسەر دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان بەدەست بهێنیت، رەجەب تەیب ئەردۆغان نامەیەكی پیرۆزبایی بۆ جۆ بایدن نارد و ئومێدی خواست پەیوەندییەکانی ئەمریكا و توركیا بەرەوپێش بچن.
ئەردۆغان لە نامەكەدا كە لە تەواوی میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە، دەڵێت "هیوادارم ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ببێتە مایەی خێر و خۆشی. پێویست دەكات پەیوەندیی ئەمریكا و توركیا زیاتر بەرەوپێش بچێت، بەتایبەت لە ئەمڕۆدا كە بارودۆخی ناوچەكە بەتەواوی پەرتەوازە بووە".
ئەردۆغان لە نامەكەدا جگە لەوەی پیرۆزبایی لە بایدن كردووە، دەڵێت دەمانەوێت لە نزیكەوە لەگەڵ ئەمریكا كار بكەین و پەیوەندییەكانمان زۆر بەهێز بێت.
پێشتر بەهۆی هەڵوێستێکی جۆ بایدن کەلە لێدوانێکدا ساڵی ٢٠١٩ سەرکۆماری تورکیای بە "دیکتاتۆر" ناو بردبوو، دەسەڵاتی تورکیا و بەتایبەت میدیاکان لەدژی جۆ بایدن زۆر شتیان بڵاو کردەوە و چاودیرانی سیاسیش پێیان وابوو بە هاتنە سەرکاری جۆ بایدن پێوەندیی سیاسیی نێوان تورکیا و ئەمریکا لاوازتر دەبێت.
باسنيوز
