بی بی سی: یەکەم پێکوتەی دژە کۆرۆنا دۆزرایەوە کە تا ڕێژەی٩٠٪ مرۆڤ لە ڤایرۆسەکە دەپارێزیت

بی بی سی: یەکەم پێکوتەی دژە کۆرۆنا دۆزرایەوە کە تا ڕێژەی٩٠٪ مرۆڤ لە ڤایرۆسەکە دەپارێزیت
ئەمڕۆ دووشەممە تۆڕی میدیایی (BBC) بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمپانیای دەرمانی (فایزر) بڵاوی کردووەتەوە کە پێکوتەیەکی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە ٩٠٪ خەڵک لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دەپارێزت.

بەرپرسانی کۆمپانیای دەرمانی (فایزر) ئاشکرایان کردووە ئەنجامە سەرەتاییەکانی قۆناغی سێیەمی تاقیکاریی ئەم پێکوتەیە، کە هێشتا کاری لەسەر دەکرێت، دەریان خستووە کە ئەم پێکوتەیە لە ٩٠ حاڵەتدا بۆ پێشگیری لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا سەرکەوتوو بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە تاقیکردنەوەکان دەریان خستووە ٢٨ ڕۆژ پاش قۆناغی یەکەمی کوتان و حەوت ڕۆژ دوای قۆناغی دووەمی کوتانی ئەو پێکوتەیە سەرکەوتوو بووە و وەڵامی ئەرێنیی داوەتەوە.

کۆمپانیای ئەمریکیی (فایزر) ئاشکرای کردووە کەلە دوایین قۆناغی تاقیکاریی ئەو پێکوتەیەدا هیچ کاریکەرییەکی لاوەکی و مەترسیدار دەرنەکەوتووە.

کۆمپانیای فایزر ئەم پێکوتە تاقیکاریەی بە یارمەتیی کۆمپانیای (بیو ئێن تێک) بەرهەم هێناوە.

کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فایزر، کە بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری دەرمان دادەنرێت لە ساڵی ١٩٤٩ لەلایەن "چارلز فایزر" لە ئەمریکا دامەزراوە و لە بواری پیشەسازیی دەرماندا خاوەن پێگەیەکی گەورەیە.

بی بی سی نووسیویە ئەم هەواڵە بەپەلەیە و هێشتا زانیاریی نوێ و وردتر لەمبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.













باسنيوز


Top