دوای شکستی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا ترامپ یەکەم پەیامی راگەیاند
دۆناڵد تڕامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بەربژیری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دوای راگەیاندنی شکستی لەبەرامبەر جۆ بایدن لە هەڵبژاردن، پەیامێکی راگەیاند.
تڕامپ لە توویتێکیدا کە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاویکردەوە رایگەیاند: "چاودێرەکانی ئێمە ڕێگەیان پێ نەدرا بچنە ژوورەکانی هەژمارکردنی دەنگەکان.، من هەڵبژاردنم بردووەتەوە، ٧١ ملیۆن دەنگی یاساییم بەدەست هێناوە".
راشیگەیاندووە: "شتی خراپ ڕوویان دا کە چاودێرەکانمان ڕێگەیان پێ نەدرا بۆ ئەوەی بیانبینن. شتی وا هەرگیز ڕووی نەداوە، ملیۆنان کاغەزی دەنگدانی پۆستە بۆ خەڵکی نێردراون کە هەرگیز داوایان نەکردبوون، ٧١ ملیۆن دەنگی یاسایی، زۆرترین ڕێژەیە کە سەرۆکێک بۆ خولی دووەم لە مێژوودا بەدەستی هێنابێت".
ئێوارەی ڕۆژی شەممە (٧-١١-٢٠٢٠) میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سەرکەوتنی جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکانیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا راگەیاند.
باسنيوز
