ترەمپ: دەبێ بایدن لە ڕاگەیاندنی وەک سەرکۆمار پەلە نەکات
جۆ بایدن لە شاری "ویلمینگتۆن" قسەی بۆ لایەنگرانی خۆی کردووە و گوتوویە کە ئەو سەرەنجام دەبێتە براوەی هەڵبژاردن و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ژنان و پیاوانی ئەمریکی جەوهەری دیموکراسین و دەبێ دان بە خۆماندا بگرین و نابێ ئەوە فەرمۆش بکەین کە ئێم کێین، چونکە سەرەنجام ئەوە دیموکراسییە سەردەکەوێت و کاریگەر و یەکلاکەرەوەیە، جیاوازیی بۆچوون لە دیموکراسیدا سروشتییە و لەوانەیە دژی یەکتر بین، بەڵام خۆ دوژمنی یەکتر نین و هەموومان ئەمریکین".
هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە جۆ بایدن خۆی ئامادە دەکات کە سەرکەوتنی کۆتایی خۆی ڕابگەیەنێت، کەچی جیاوازیی دەنگەکانیان لە پنسلڤانیا گەیشتووەتە ٢٧ هەزار دەنگ و لە جۆرجیاش بە هەزار دەنگ لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە. هاوکات لە ئاریزۆنا و نواداش ڕەوشێکی وەها لە گۆڕێدایە، بە جۆرێک کە جیاوازیی دەنگی کانیدی دیموکراتەکان لە کۆمارییەکان لە ئاریزۆنا نزیکەی ٣٠ هەزار و لە ویلایەتی "نوادا"ش ٢٢ هەزار کەسە.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە کە تیمی یاسایی ئەو لەڕێگەی دادگاوە دەستیان بە بەدواداچوون و سکاڵا کردووە و هاوکات داوای لە جۆ بایدن کردووە کەلە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن خۆ ببوێرێت و پەلە نەکات و دیسان پێداگری لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆی کردووەتەوە کە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردندا ساختەکارییان کردووە.
دۆنالد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە سەرەنجام ڕاستی و دروستیی پرۆسەی هەڵبژاردنمان بۆ دەردەکەوێت.
بەپێی زانیاریەیەکانی تۆڕی میدیایی (BBC) دوێنێ کۆشکی سپی لە کەش و دۆخێکی نائارام و نائاساییدا بووە و بەشێک لە فەرمانبەر و کارمەندان لەسەر کارەکانیان ئامادە نەبوون و هاوکات دۆنالد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر چەند تویتێکی توند و پڕ هەڕەشەی بڵاو کردووەتەوە.
باسنيوز
