کەی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا دەژمێردرێنەوە؟
یاسای ویلایەتی جۆرجیا مافی ژماردنەوەی دەنگەکان بە بەربژێرە دۆڕاوەکان دەدات ئەگەر رێژەی دۆڕانەکە 0.5٪ـی کۆی گشتیی دەنگدانی ویلایەتەکە بێت.
بەپێی یاساکە، داواکاریی ژماردنەوەی دەنگەکان دوو رۆژ دوای پەسندکردنی ئەنجامی دەنگدانەکە دەبێت. دوای دەنگدان ئەنجامەکان نافەرمین تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی پەسنددەکرێن. ئەگەر لە ژماردنەوەکەدا جیاوازی هەبوو، ئەوا ئەنجامەکە سەرلەنوێ پەسنددەکرێتەوە.
دەشکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ رێژەی جیاوازیی نێوان بەربژێرەکان، بەپێی بۆچوونی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن فەرمانی ژماردنەوەکە بدرێت. دەکرێت ئەم شێوازی ژماردنەوەیە بەر لە پەسندکردنی ئەنجامەکان هەر کاتێک بێت بکرێت.
پێویستە بەرپرسانی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان 10 رۆژ دوای هەڵبژاردن ئەنجامەکان پەسندبکەن، واتە تاوەکو 13ـی تشرینی دووەم. سکرتێری ویلایەتەکەیش دەبێت لە 20ـی تشرینی دووەمدا پەسندی بکات.
لەگەڵ ئامێرە نوێیەکانی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی جۆرجیا کە کۆمپیوتەری شاشە هەستیاری تێدا بوو کە کاخەزی دەنگدانی بۆ هەر دەنگدەرێک چاپ دەکرد، ژماردنەوەکە بە سکانکردنەوەی کاخەزی دەنگدانەکە دەبێت.
دوای ئەوەی دەنگدەرەکە بژارەکەی لەسەر شاشەکە هەڵدەبژێرێت، دەنگە سەرەکییەکە تۆماردەکرێت. کاتێک دەنگدەرەکە پەنجە بە دوگمەی سەر شاشەکەدا دەنێت، کاخەزەکە چاپ دەکرێت کە بژارە هەڵبژێردراوەکەی دەنگدەرەکەی لەسەر تۆمارکراوە و کۆدێکی لەسەرە کە کۆمپیوتەر دەتوانێت بە سکانکردن بیخوێنێتەوە. دواتر دەنگدەرەکە کاخەزی دەنگدانەکە دەخاتە ئامێری سکانکردنەکەوە و، ئینجا دەنگەکە سکان دەکرێت و بە شیوەیەکی ئەلیکترۆنی هەڵدەگیرێت. هەروەها کاخەز چاپکراوەکەیش هەڵدەگیرێت.
جا ژماردنەوەی دەنگەکانیش بە هەمان شێوەیە. بۆ ژماردنەوەکەیش هەموو کاخەزەکانی دەنگدان دەخرێنەوە ئامێری سکانکردنەکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بژمێردرێنەوە؛ بە دەست ناژمێردرێن.
براد رافێنسپێرگەر، سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا باسی لەوە کردووە، بەرپرسان خۆیان بۆ ئەگەری داواکاریی ژماردنەوە ئامادە کردووە.
سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا رۆژی چوارشەممە 2020/11/04 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەگەر جیاوازیی رێژەی بردنەوەکە 0.5٪ بێت، وەک بەربژێرێک مافی خۆتە داوای ژماردنەوە بکەیت."
براد رافێنسپێرگەر ئاماژەی بەوە دا، لە رۆژانی داهاتوودا دەزانن کە دەنگدانی چ شوێنێک دەبێت بژمێردرێتەوە.
رافێنسپێرگەر گوتی، "ئێمە هێشتا چاوەڕێین تاوەکو هەموو دەنگەکان بژمێردرێن و، ئەوە بۆیە گرنگە چاودێریی پرۆسەکە بکەین."
لەکاتی وردبینییەکەدا بەرپرسانی هەڵبژاردن سەرەڕای سکانکردنی دەنگەکان، چاو بە نووسینی سەر کاخەزەکانیشدا دەخشێننەوە.
بەڵام رافێنسپێرگەر ئاماژەی بەوە نەدا کە دەنگدانی چ ویلایەتێک وردبینیی بۆ دەکرێت.
rudaw -
