سەرەڕای ئەنجامەکان.. ئایا ترەمپ هیوای مانەوەی لە كۆشكی سپی هەیە؟

سەرەڕای ئەنجامەکان.. ئایا ترەمپ هیوای مانەوەی لە كۆشكی سپی هەیە؟
جۆ بایدن، پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا نزیکترە لە سەرکەوتن، دوای ئەوەی لە هەردوو ویلایەتی میشیگان و ویسکوسن سەرکەوتنی بەدەست هێنا، پێشتریش لە ویلاتی ئەریزۆنا سەرکەوتبوو، بەڵام هێشتا ترەمپ هیوای بۆ مانەوە لە كۆشكی سپی لە دەست نەداوە.

جۆ بایدن، بەربژێری دیموكراتەكان، ژمارەی دەنگەکانی 264 دەنگە لە کۆی 538 دەنگی هەڵبژاردن، بەمەش نزیکبووەتەوە لە سەرکەوتنی هەڵبژاردن، بەو پێیەی لە 270 دەنگدا دەبێتە سەرۆك.

ئەگەرچی پێدەچێ دەرفەتی بایدن لە ژمارە سیحراوییەکە (270 دەنگ) نزیکتر بێ، بەڵام هێشتا پێویستی بە دەنگی ویلایەتی نیفادایە، کە 6 دەنگی هەیە و ئەو ژمارەیەش بەسە بۆ ئەوەی بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە.

لە ویلایەتی نیفادا، دوای ژماردنی 86%ی دەنگەکان، بایدن بە 49.3% بەرامبەر بە 48.7% بۆ ترەمپ، پێش کەوتووە، ئەمەش مانای وایە پاڵێوراوە دیموکراتەکە تەنیا بە نزیکەی 7 دەنگ لەپێشە. جیاوازییەکەش ئەوەیە، کە بایدن و ترامپ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پشت بەم ویلایەتە دەبەستن، کە نزیکەی 70%ی دەنگەکە پێک دێنێ، جێی باسیشە، کە هەمیشە ئەم ویلایەتە دەنگی بە دیموکراتەکان داوە.



دەرفەتی سەرکەوتنی ترەمپ

بەڵام، لەبەر ئەوەی هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن لەو ویلایەتە یەکلا نەبووەتەوە، پێدەچێ دەرفەتێک بۆ دۆناڵد ترەمپ، پاڵێوراوی کۆماری مابێ هەڵبژاردنەکە بباتەوە، ئەگەرچی تەنیا 214 دەنگی لە کۆی 538 دەنگی هەڵبژاردن بردووەتەوە.

بە کردارێکی ژمێریاریی سادە، ئەوا ترەمپ لانی کەم پێویستی بە 56 دەنگ هەیە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و مانەوەی لە کۆشکی سپی. ئەگەر بەخێرایی چاوی پێدا بخشێنین، دەبینین کە هێشتا 5 ویلایەت (نیفادا و بنسلفانیا و کارۆلینای باکوور و جۆرجیا و ئالاسکا) ئەنجامەکانیان یەکلا نەکراوەتەوە.

بەپێی دەنگی ئەو ویلایەتانە لە کۆی دەنگی هەڵبژاردن، ئەوا کۆی دەنگی هەر پێنج ویلایەتەکە دەگاتە 60 دەنگ، کە بەم شێوەیە دابەش بوونە: نیفادا 6، جۆرجیا 16، کارۆلینای باکوور 15، بنسافانیا 20 و ئالاسکا 3 دەنگ.

بەگوێرەی پێشبینییەکان، پێدەچێ ترەمپ ویلایەتەکانی جۆرجیا، کارۆلینای باکوور، بنسافانیا و ئالاسکا بۆ خۆی یەکلا بکاتەوە، کە ئەمەش 54 دەنگن، بەڵام هێشتا بەس نییە بۆ ئەوەی بگاتە ژمارەی سیحراوی لە کۆی دەنگی هەڵبژاردن. ئەمەش دەمانگێڕێتەوە بۆ ویلایەتی نیفادا، کە 6 دەنگی هەیە.



ئەنجامە تەواونەکراوەکە

بەپێی پێشبینییەکان، دوای جیاکردنەوەی 89%ی دەنگەکان لە ویلایەتی بنسلفانا، ترەمپ بە رێژەی 50.7% بەرامبەر بە 48.1% بۆ بایدن پێش کەوتووە، ئەمەش نزیکی ئەکاتەوە لە بەدەستهێنانی 20 دەنگەکەی بنسلفانیا.

بەڵام لە جۆرجیا (کە 16 دەنگی هەیە) و دوای جیاکردنەوەی 95%ی دەنگەکان، ترەمپ بە 49.7% بەرامبەر بە 49.1% بۆ بایدن، لەپێشە، لە کارۆلینای باکووریش (کە 15 دەنگی هەیە)، دوای جیاکردنەوەی %ی دەنگەکان، ترەمپ بە 50.1% بەرامبەر بە 48.7% بۆ بایدن، لەپێشە.

لە ویلایەتی ئالاسکا (کە 3 دەنگی هەیە)، ئەم ویلایەتە هەمیشە هی کۆمارییەکان بووە، بۆیە نیمچە مسۆگەرە بۆ ترامپ، دوای جیاکردنەوەی 56%ی دەنگەکان، ترامپ بە 62% بەرامبەر بە 33% بۆ بایدن، لەپێشە.



نیفادا .. ویلایەتە یەکلاکەرەوەکە

روونە کە هیچ کام لە دوو پاڵێوراوەکەی کۆماری و دیموکراتی پێشبینیی ئەوەیان نەدەکرد ویلایەتی نیفادا، کە خاوەنی 6 دەنگە، ویلایەتە یەکلاکەرەوەکەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ بێت، بۆیە هیچ کامیان لە هەڵمەتەکانیان گرنگییەکی زۆریان بەو ویلایەتە نەدا.

ئەگەر دەنگەکانی ئەم ویلایەتە (نیفادا) بۆ ترامپ بڕۆن، ئەوا بەبێ شەڕ و سەرئێشەی یاسایی لەسەر دەنگەکانی ویلاتەکانی دیکە، لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە، بەمەش درێژە بەو زنجیرەیە دەدا، کە سەرۆکەکان لە دوو خولی لەدوای یەکدا بوونەتە سەرۆکی ئەمەریکا.

بەڵام ئەگەر دەنگی (نیفادا) بۆ بایدن بێ، ئەوا دەبێتە 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا و رۆژگاری سەرۆكایەتیی ترەمپ کۆتایی پێ دێ. لەکاتێکدا ئەگەر بایدن لەم ویلایەتە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەوا بۆ بردنەوەی، پێویستە ئەنجامەکە لە هەردوو ویلایەتی جۆرجیا و کارۆلینای باکوور هەڵبگێڕێتەوە، کە ترەمپ هێشتا بە ژمارەیەکی کەمی دەنگەکان لەپێشە، بەڵام ئەمە ئەگەرێکی دوورترە.












باسنيوز



Top