وەزارەتی دادی ئەمریکا ٢٧ ماڵپەڕی سەر بە سوپای پاسدارانی داخست

وەزارەتی دادی ئەمریکا ٢٧ ماڵپەڕی سەر بە سوپای پاسدارانی داخست
وەزارەتی دادی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ئاشکرای کردووە ٢٧ ماڵپەڕی سەر بە سوپای پاسدارانیان داخستووە کە زانیاریی ناڕاستیان بڵاو کردووەتەوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەو ڕاگەیەندراوەدا هاوکات باسی لەوەش کردووە مانگی ڕابردووش ٩٢ دۆمەینی ئینتەرنێتی کە سوپای پاسدارانی ئێران بەکاری هێناوە، داخستووە، ئاماژە بەوەش کراوە ئەم هەوڵانە لەدژی ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران، بەشێکە لە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە و ناڕاست کە لەلایەن وڵاتانی بیانی و بەتایبەت ئێرانەوە لەدژی ئەمریکا بڵاو دەکرێنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتووە ئەو ماڵپەڕانەی سوپای پاسداران لە بەنیاز بوون لەسەر زیهنی خوێنەر و بەردەنگی ئەمریکی کاریگەری دابنێن، سەرەڕای ئەوەی کە هەندێکیان بەتەواوی بە زمانی عەرەبی بوون و هەواڵ و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ڕووماڵ کردووە.

بەشێک لەو ماڵپەڕانە ناوەرۆکەکانیان لەدژی ئەمریکا، سعوودیە و ئیسرائیل بوون و لەڕاستای سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جووڵاونەتەوە.

هەتا ئێستا هیچ بەرپرس و دەزگایەکی فەرمیی سەر بە سوپای پاسداران لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی ئەمریکا، کاردانەوەیەکیان نەبووە.

لە ڕاۆژانی ڕابردووداش دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تویتەریش چەندین ئەکاونتیان داخستووە کە هەواڵی درۆ و ناڕاستیان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە بڵاو کردووەتەوە.









باسنیوز
Top