نوێترین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

نوێترین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
لە حاڵێکدا دوو ڕۆژ بەسەر پەنجا و نۆیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا تێدەپەڕێت، هێشتا پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان لە چەند ویلایەتی سەرەکی بەردەوامە و هەردوو کاندید پێشبڕکێیەکی توندیان پێکەوە هەیە.

بە گوێرەی ئەو زانیاری و داتایانەی کە میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، هەتا ئێستاش جۆ بایدن کانیدی دیموکراتەکان لە پێشەوەیە و بە مسۆگەرکردنی ٢٦٤ کورسیی کۆنگرێس، هەروەها دۆناڵد ترەمپ بە ٢١٤ کورسی، لە هەوڵدان تاکوو ٢٧٠ کورسیی کۆنگرێسی ئەمریکا بەدەست بهێنن و دەسەڵاتی کۆشکی سپی بەدەستەوە بگرن.

هەندێ سەرچاوەی دیکەی وەک (BBC و CNN) ئاماری جیاوازیان بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە تاکوو ئێستا دەنگەکانی جۆ بایدن گەیشتووەتە ٢٥٣ کورسی و هاوکات دۆناڵد ترەمپیش ٢١٣ کورسیی بەدەست هێناوە.

جۆ بایدن پاڵێوراوی حزبی دیموکرات و جێگری پێشووی سەرکۆماری ئەمریکا لە دەوڵەتی باراک ئۆباما، دوێنێ چوارشەممە ئاشکرای کرد کە کەمپین و تیمەکەی خۆیان بۆ سەرکەوتن و ئاهەنگگێڕان ئامادە دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان هەتا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چەند ویلایەتی سەرەکی هەر درێژەی هەبێت، بەڵام ئەنجامی کۆتایی لەوانەیە تا چەند ڕۆژی دیکەش ڕانەگەیەندرێت.

کەمپینی جۆ بایدن ئاشکرایان کردووە چاوەڕوان دەکرێت کە دەنگەکانی چەند ویلایەتی دیکەش لە بەرژەوەندیی ئەودا تۆمار بکرێن، لە بەرانبەردا کەمپینی دۆنالد ترەمپیش ئاشکرایان کردووە کە دەنگەکانی ئەو ویلایەتانەی کە هێشتا پرۆسەی ژماردنی دەنگدان تێیاندا ماوە، بێگومان لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، پەنجا و نۆیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا یەک لەو پرۆسانە بووە کە زیاترین ژمارەی خەڵک تێیدا دەنگیان داوە. چونکە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس پێش ڕێکەوتی ٣ی١١ی٢٠٢٠ دەنگیان دا و بە دەیان ملیۆن کەسی دیکەش ڕۆژی سێشەممە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

لە هەڵبژاردنی ئەمریکادا ئەنجامەکان بە شێوەی هەرێمایەتی دیاری دەکرێت، نەک لەسەر بنەمای دەنگی گشتی.

پێشبینی دەکرێت جۆ بایدن لە ویلایەتی میشیگان، یەک لەو هەرێمانەی کە چوار ساڵ پێش دۆناڵد ترەمپ بە چەند دەنگێکی زیاد تێیدا سەرکەوتبوو، ئەمجارە سەرکەوتن تۆمار بکات.

هاوکات تۆڕی میدیایی (CNN، CBC، FOX NESW) بڵاویان کردووەتەوە کە پێشیبینی دەکرێت جۆ بایدن لە ویلایەتی "ویسکانسن"یش سەربکەوێت. BBC بڵاوی کردووەتەوە پێش لە پەسەندکردنی ئەنجامەکان، چاوەڕێ دەکات تاکوو دەنگی زیاتر بژمێردرێت و ئەوکات بڕیار دەدات.

سەرەڕای ئەمەش تیم و کەمپینی دۆنالد ترەمپ لە ئەنجام و پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان لە ویسکانسن ناڕزاین و تێبینییان لەسەری هەیە و داوایان کردووە دیسان بژمیردرێنەوە.








باسنيوز
Top