هەڵبژاردنی ئەمریکا.. ٩٧ ملیۆن کەس پێش وادەی دەستپێکردن دەنگیان داوە
پەنجاونۆیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە هەتا ٨ کاتژمێری دیکە دوایین بڕگەی دەست پێ بکات، هەتا ئێستا لە هەموو ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە ٩٧ ملیۆن کەس پێش وادەی دەسپێکی فەرمی دەنگیان داوە.
لە کاتێکدا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە پرۆسەی پەنجاونۆیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا دەست پێ بکات، هەتا شەوی ڕابردوو بانگەشەی هەڵبژاردن لەناو لایەنگرانی هەردوو ڕکابەر دۆناڵد ترەمپی سەرکۆمار (کۆماری) و جۆ بایدنی ڕکابەر (دیموکرات) بەردەوام بووە و هەموو هەوڵیان ئەوەیە ئاکامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت.
هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە بۆ بانگەشە سەردانی چەند ویلایەتێکی هەستیاری وەک "پێنسلڤانیا، کارۆلینای باکوور، ویسکانس، میشیگان و ئۆهایۆ"یان کرد هەتاکوو قەناعەت بە خەڵک بهێنن و ژمارەی لایەنگر و دەنگەکانیان بەرزتر بکەنەوە.
هاوکات دامەزراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنی ئەمریکا دەڵێن، هەرچەند هەتا ئێستا ٩٧ ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی لە ویلایەتە جیاوازەکان، سەبریان نەکردووە و هەتا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە دەنگی خۆیان خستووەتە سندووقەکانەوە.
بەپێی دوایین پێشبینی و ڕاپرسییەکان، هێشتا هەروەک مانگی ڕابردوو جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لەپێش دۆناڵد ترەمپی سەرکۆمارەوەیە، بەڵام وێڕای بوونی ئەو جیاوازییەش هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە بدرێت، چونکە چەند ویلایەتێکی سەرەکی و چارەنووسساز ئەنجامەکە یەکلا دەکەنەوە.
براوەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا ڕێکەوتی ٢٠ی جانیوەریی ٢٠٢٠ بە فەرمی لە کۆشکی سپی دەستبەکار دەبێت.
هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا، بە بەراوردی هەڵبژاردن لە وڵاتانی دیکە جیاوازە و ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی هەرکام لە دوو لایەنی سەرەکیی (کۆماری و دیموکراتەکان)دا بێت، کاریگەریی لەسەر زۆر پرسی سیاسی و پێشهاتی جیهانی و ئابووریی ناوچەکەش دەبێت، بۆیە زۆر وڵات و ناوەندی سیاسی و ئابووری بە وردی چاودێریی ئەنجامی ئەم پرۆسەیە دەکەن.
باسنیوز
