ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی نەمسا گەیشتە سێ کەس

ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی نەمسا گەیشتە سێ کەس
ژمارەیەک چەکدار ترسێکی زۆریان لە نەمسا بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ بە رەشاش هێرشیان کردە سەر شەش شوێن و سێ کەس کوژران.

لە ئەنجامی "هێرشە تیرۆرستییەکەی" شەوی رابردووی ڤییەنای پایتەختی نەمسا، بەلایەنی کەمەوە 14 کەس بریندار بوون، دۆخی تەندروستیی شەشیان ناجێگیرە. یەکێک لە هێرشبەرەکانیش کوژراوە و پۆلیس بەدوای کەسێکی دیکەوەن.

پۆلیسی نەمسا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تویتەر، راستەوخۆ دوای هێرشەکان رایگەیاندبوو "هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە گومانلێکراوێک کرد و لەئەنجامدا کوژرا"، هەروەها رایگەیاند "لەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر گومانلێکراوی چەکدار بە دەمانچە بەشدار بوون".

لەکاتێکدا زۆربەی میدیاکان باسیان لەوە کرد، هێرشەکە لە نزیک کەنیسێکی گەورەی پایتەختی نەمسا ئەنجامدراوە، ئۆسکار دویچ، سەرۆکی ئیسرائیلییەکانی نەمسا لە تویتەر نووسیویەتی "تاوەکو ئێستا، ناتوانرێت ئەوە دیاریبکرێت، ئایا ئامانجیان کەنیس-ـەکە بووە یان نا".

هەتاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکان رانەگەیاندووە، پۆلیسیش هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامەی هێرشبەرەکان و هۆکاری هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە.

کارل نیهامر، وەزیری ناوخۆ و فرانس رۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گشتی نەمسا لەدوای هێرشەکە بەیەکەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا، فرانس رۆڤ گوتی، بڕیاریان داوە "پرۆسەی پشکنین لەسەر سنوورەکان زیاتر بکەن، هەروەها لەنێو پایتەختیشدا بەربەست دابنێن".

سێباستیان کۆرتز، راوێژکاری نەمسا لە تویتەر لەبارەی هێرشەکە گوتی "ئێمە بە کاتێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕین... پۆلیس بە ئاگاییەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆرستییە قێزەونە مامەڵە دەکات... سەر بۆ تیرۆر شۆڕ ناکەین و بە هەموو توانامانەوە لەدژی ئەو هێرشە دەجەنگین".

ئەو هێرشە نوێیە لە پایتەختێکی ئەوروپا لەکاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتەیەکە دۆخی ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی ئاڵۆزە.

16-10-2020، گەنجێکی چیچانی لە پاریس سەری مامۆستاکەی خۆی بڕی، بەهۆی ئەوەی لە وانەیەکدا لەبارەی ئازادیی رادەربڕین، وێنەیەکی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامی نیشانی خوێندکارەکانی دابوو. دوای چەند رۆژێکیش لەو رووداوە، لە شاری نیسی باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا، گەنجێکی تونسیی تەمەن 21 ساڵ بە چەقۆ هێرشی کردە سەر کەنیسەی نۆتردام دونیس و سێ کەسی کوشت.






K24
Top