لە ئەمریکا سەنتەرێک بۆ رێگری لە هێرشی ئەلیکترۆنی 40 رۆژە لە ئامادەباشیدایە

لە ئەمریکا سەنتەرێک بۆ رێگری لە هێرشی ئەلیکترۆنی 40 رۆژە لە ئامادەباشیدایە
سەنتەری ئاسایشی ئینتەرنێت لە ویلایەتی ڤێرجینیا چل رۆژە خراوەتە ئامادەباشی، کارمەندانی بە شەو و رۆژ هەوڵی پووچەڵکردنەوەی هەر هێرشێکی ئەلیکترۆنی دەدەن کە ئامانج لێیان کاریگەری دانانە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

ئەلێکسز وەیڵز، جێگری دەستەی یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری CISA دەڵێت "سەنتەرەکەمان 24 کاژێر کاردەکات. ئەم شوێنەمان نهێنییە. ئەو شاشانەی بەوێوە هەڵواسراون بەردەوام هەڕەشە و ئەگەری هاتنی هێرش و دۆخی هەڵبژاردنەکان پیشاندەدەن، لەکاتێکدا رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی گشتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت".

لە چەند هەفتەی رابردوودا هاککەران لە چەند شوێنێکەوە هەوڵی خۆیان داوە زانیاریی ناڕاست لەبارەی پرۆسەکە بڵاوبکەنەوە، بەڵام سەنتەرەکە دەڵێت، هەوڵەکان پووچەڵکراونەتەوە.

ئەمساڵ لە دەنگدانی پێشوەختدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 93 ملیۆن کەس دەنگیانداوە، ئەم ماوە زۆرەش وایکردووە، سەنتەری ئاسایشی ئینتەرنێت بەردەوام هۆشیاربێت.

کریستۆفەر کریبس، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئینتەرنێت ئاماژە بەوە دەکات "ئەگەر تاوەکو دوایین رۆژ شتی زۆرت بەسەردا کۆبووەوە و دەستوەردانیش هەبێت، ئەوا دەکرێت سیستەمەکە زۆر سەرقاڵ بکات. ئەم سیستەمە رێگەمان پێدەدات بە شتەکان بزانین، هەفتەی رابردوو بە هەندێک هێرشمان زانی لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدران و سەرجەمیان پووچەڵدەکەینەوە بۆئەوەی دوایین رۆژ خەڵک سەریان لێنەشێوێت".

کارێکی دیکەی سەنتەرەکە ئەوەیە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو ئەو قسە و قسەڵۆکانە لابدات کە پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەوە نییە.

ئاژانسی ئاسایشی ئینتەرنێتی ئەمریکا ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، هەر جامکردنێک یاخود درەنگکەوتنێک لە کارەکانیان لەکاتی ئەم پرۆسە هەستیارەدا دۆخی ئەمریکا ئاڵۆز دەکات.
rudaw -
Top